مەسرور بارزانی ئەندازیاری شکستخواردووی سەرکوتکاری

دامەزراندنی دەزگای پاراستنی پارتی بۆ ساڵی 1965 دەگەڕێتەوە کە بە هاوکاری دەزگاکانی مۆسادی ئیسرائیلی و ساواکی ئەو کاتەی ئێران دامەزراوە و لە لایەن مەسعود بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرا.

لە پاش کۆنگرەی 1999، سەرپەرشتی دەزگاکە درایە دەستی مەسرور بارزانی و لەو کاتەوە ناوبراو وەک ڕەمزی تیرۆر و سەرکوتکاری لە هەرێمی کوردستان دەناسرێت.

قۆناغی تیرۆر و ئەشکەنجە و سەرکوتکاری مەسرور بارزانی لە دەزگای پاراستنی حیزبەکەیەوە دەستیپێکرد و گواسترایەوە بۆ ناو دامەزراوەیەکی باڵا بە ناوی حکومەت کە ئەویش ئەنجومەنی ئاسایشە. لەو ماوەیەدا هەموو ئالییەتەکانی سەرکوتکاری، لە هەڕەشە، ئەشکەنجە، تیرۆر، بەکارهێنانی یاسا، دادگایی، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، سزادان، برسیکردن، ڕێگری لە کاری میدیایی، داخستنی کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندن، درووستکردنی سیناریۆ و تۆمەتبەخشینەوە، کڕینی ڕۆژنامەنووس، بەخشینەوەی پارە و دەیان و سەدان ڕێگای بۆ بێدەنگکردنی ئازادیخوازان و ڕەخنەگران تاقیکردووەتەوە و بەردەوامە لە تاقیکردنەوەی جۆرەکانی دیکەش.

ئەوەی جێگای سرنجە، دەزگای پاراستنی پارتی و مەسرور بارزانی لە یەک بە یەکی هەوڵەکانیان شکستیان هێناوە، شکست بەو مانایەی کە ئامانجە سەرەکییەکانیان ناپێکن کە ئەویش کپکردنی دەنگی ئازادییە.

لە پاش ڕاپەڕین، بادینان زۆرترین کردەوەی تیرۆریستیی ئەو دەزگایەی تێدا جێبەجێ کراوە، لە تیرۆری سادق سندی، ڕەئوف ئاکرەیی، حاکم تەحسین لە سەرەتای نەوەدەکان دەستیپێکرد و مەسرور بارزانیش بە تیرۆری شوکری زەینەدین و وەدات حسێن بەردەوامیی پێداوە، بەڵام بۆی دەرکەوت کە هیچ کات تیرۆر ناتوانێت خەڵکی بادینان بێدەنگ بکات، بە پێچەوانەوە ئەو گۆمەی بە ترس و هەڕەشە مەنگی کردبوو، شڵەقا و ئیتر بادینان مەرگی تاقیکردووەتەوە و لە شتی دیکە ناترسێت.

ئەگەر بە پێوەرەکانی مەسرور دەبوو، تیرۆری سۆرانی مامە حەمە قەڵەمەکەی سەردەشتی دەشکاند، تیرۆری سەردەشت ماڵباتی بارزانیی دەکردە خوداوەند و ناوهێنانی لە هەموو قەڵەمە ڕەخنەگرەکان حەرام دەکرد، بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئێستا وشەکانی سۆران و سەردەشت لە سەر زاری هەزاران ئازادیخوازەوە و ڕۆژانە تا ئاستی کەڕبوون، بە گوێی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانیدا دەدەن.

بەکارهێنانی یاسا لە دژی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا، ئەوانی بێدەنگ نەکرد و دەبینرێت کە لە پاش دەستگیرکردن و سزادانی بەکۆمەڵی چالاکوانانی بادینان، ورەی ئازادیخوازی لەو ناوچەیە بەهێزتر و ئاشکراتر بووە. ئەگەرچی ئامانجەکانی مەسرور بارزانی بەدینەهاتووە بەڵام لە سیناریۆ و بەکارهێنانی یاسا بەردەوامە، وەک ئەوەی کە دووبارە بۆ سزادانەوەی شێروان شێروانی بینرا، بێ ئاگا لەوەی کە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان خەڵکانێکی زۆر پشتیوانی لە گیراوانی بادینان دەکەن و هەوڵەکانی شکستی هێناوە و دەبێت بەو ڕاستییە بگات کە دەنگی ئازاد هیچ کات کپ ناکرێت.