مەسرور بارزانی، مووچەخۆران و پێکهاتەکان

نامەیەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگری لە پێکهاتەکان کە ئاراستەی چەند بەرپرسێک کراوە، توڕەبوونێکی جەماوەریی لە هەرێم بە دواوە بووە. خەڵک پرسیار دەکەن کە سەرۆکی حکومەت بۆ بەم جۆرە بە پەرۆشەوە بەرگری لە پێکهاتەکان دەکات و هیچ بۆی گرنگ نییە مووچەخۆران چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

مەسرور بارزانی نامەیەکی بۆ هەر یەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم وڵاتە ناردووە.

بارزانی لە نامەکەیدا داوایکردووە کە بە هیچ شێوازێک کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کەم نەکرێتەوە و مافەکانی ئەوان پارێزراو بێت و دەستکاری نەکرێت و ڕێگری لەو هەوڵانەش بکرێت کە کار بەم ئاراستەیەدا دەکەن.

نامەکەی مەسرور بارزانی بەدەر لە کاردانەوەی خەڵک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدی کراوە، دوو خاڵی گرنگی لە خۆی گرتووە:

ئەوەی کە بەرگریی مەسرور بارزانی و پارتی لە پێکهاتەکان تەنیا پێکهاتەی تورکمان دەگرێتەوە و بە فشاری پارتی کراوە و بۆ ئەوەیە کە حکومەتی تورک پێگەی لە هەرێمی کوردستان دانەبەزێت و ئەو پێکهاتەیە وەک هاوپەیمانی ئەنکەرە و بارزانییەکان بمێنێتەوە.

لەمەش زیاتر ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت هیچ لە خەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە و بەم هەموو کێشە و قەیران و دواکەوتنی مووچە و داخستنی خوێندنگەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجەوە، تا ئێستا نامەی وا و هەڕەشەی وای لە بەغدا نەکردووە.

لە ڕاستیدا مەسرور بارزانی وەک نوێنەری تورکیا لە ناردنی ئەو نامەیە دەرکەوتووە. نامەکە ڕاستییەکی ڕوون کردووەتەوە کە سەرۆکی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ کات گرنگییان بە خەڵک نەداوە و تەنیا شوێنکەوتووی سیاسەت و کاروباری وڵاتانی دیکەن.