مەزاجتان بۆ تێکچووە؟

سەرکەوتنەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق وا پارتییەکانی شڵەژاندووە کە نازانن چۆن پاساو بۆ شکستەکەی خۆیان بهێننەوە.

ئەوەی ڕاستییە دەبینین کە بەرپرسانی پارتی بە هەموو شێوەیەک پەلەقاژەی ئەوە دەکەن شکستەکەیان و وەڵامە بەهێزەکەی کەرکوکییەکان بخەنە ئەستۆی ئەم و ئەو و درۆ و بوختان بۆ ئەم و ئەو بکەن.

ئەوەیە کە مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی بە بێ ئەوەی کە ناوی یەکێتی بهێنێت، ڕایگەیاندووە دەزانین دەنگەکانمان زیادی کردووە و لە قەبارەی هێزەکانی دیکەش دەزانین.

ئەم قسەیە بە مانای ئەوەیە کە بۆ یەکێتی تەزویر کراوە، ئەوەشیان خستووەتە ئەستۆی حەشدی شەعبی. ئاخر بە کام پێوەر لۆژیکییە کە حەشد لە کەرکوک تەزویر بۆ یەکێتی وەک هێزێکی کوردی بکات؟

حەشدی شەعبی و عەرەب و تورکمانی شێعە لیستیان بە ناوی کرکوکنا هەبوو، لیستەکەیان چەند هەزار دەنگێکی کەم بوو بۆ ئەوەی بگاتە کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگا.

ئەو بەرپرسانەی پارتی کە گومان لە دەنگەکانی یەکێتی دەکەن با بزانن، وەک چۆن کە هەموو کوردێک لە کەرکوک دەزانێت حەشد لە کەرکوک لیستی هەبووە و لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بە دەست بێنێت، چۆن و بە کام پێوەر پارتی دەیەوێت قەناعەت بە کوردی کەرکوک بێنێت کە حەشد تەزویری بۆ یەکێتی کردووە؟

ئەم هەڵوێست و ڕاگەیاندنانەی بەرپرسانی پارتی ئەوە دەگەێنێت کە سەرکەوتنەکەی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک مەزاجی هەندێک لەوانی تێکداوە.