مەحمود عوسمان: بەغدا گوێ بە قسەی هەرێم نادات
مەحمود عوسمان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە بۆ شێوازی ئەو مامەڵەی بەغدا لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، دەبێت چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بودجە بکەین تا بزانین بەغدا نیازی چۆنە لە گەڵ هەرێم.
ناوبراو وتی کە لە هەڵسووکەوتی حکومەتەکەی سودانی دیارە بە چ شێوازێک کار دەکات، هەر بۆیە زووە باس لە نیازی باش و خەراپی بەغدا لە گەڵ کورد بکەین و ئەمەش بەم زووانە دەرناکەوێت.
مەحمود عوسمان وتی: محەممەد شیاع سودانی و حکومەتەکەی لە بودجە ڕازی نین، لە بەر ئەوەی کە لە پەرلەمان دەستکاری کراوە، بە واتایەکی دیکە، بەو جۆرە نییە کە حکومەتەکەی سودانی داڕشتنی بۆ کردووە و ڕەنگە پەنا بۆ دادگا ببات.
ئەو سیاسەتوانە کوردە وتی کە بەغدا لە هەر حاڵەتێکدا ئەوە دەکات کە خۆی دەیەوێت، نەک ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داوای دەکات، ئەوان ئەوە دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت و بەو جۆرە سەیری هەرێم ناکەن کە هەرێمێکی دەستووری و فیدراڵییە.