مێژووی ئاشبەتاڵەکانی کورد لە عێراق

کورد دەیان ساڵە وشەی ئاشبەتاڵی بۆ بووەتە وشەیەکی ئاشنا و ئەم وشە ناسراوەش لە زۆر بواردا ئێستا لە هەرێمی کوردستان دووبارە بووەتەوە.

ئاشبەتاڵ وشەیەکی زمانی کوردییە و لە بنەڕەتدا بۆ ئاشەوانی ناو دەبرێت بەڵام نزیکەی 50 ساڵە لە کوردستاندا مانایەکی سیاسیی پەیدا کردووە و لە ئێستاشدا زۆرترین ناوی دەهێندرێت.

عەلائەدین سەجادی لە کتێبی کوردەواریدا لە سەر وشەی ئاشبەتاڵ دەڵێت کە کاتێک باراش نەبوو ئاش ئاوی لێبڕا و وەستا، ئاش دانی نەما و باراشی لێبڕا، ئاشەوان ڕوو ئەکاتە سەر بانەکە و بە دەنگی بەرز دەڵێت کە ئاش بەتاڵ.

هەروەها هەژار موکریانی لە فەرهەنگی هەنبانەبۆرینەدا دەڵێت کە ئاشبەتاڵ بە مانای دەست لە کار کێشانەوە و وازهێنان لە کارێکە.

ئاشبەتاڵ بۆ یەکەم جار لە 20 ی ئازاری 1975 وەک ناوێکی سیاسی هاتە پێشەوە، ئەوەش پاش ئەوە هات کە لەو ڕۆژەدا بارەگای بارزانی بروسکەی لێدا کە پێشمەرگە واز لە شەڕ بهێنن و چەکەکان بشکێنن و تەقەمەنییەکان بتەقێننەوە و بچن بۆ ئێران. لەو کاتەدا کادیر و پێشمەرگەکانی پارتی ئەم بڕیارەیان ناو نا ئاشبەتاڵ، ئەمەش لە پاش ڕێکەوتنی جەزایری نێوان ئێران و عێراق ڕوویدا. ئەم ڕووداوە لای پارتی بە نسکۆی شۆڕش ناو دەبرێت و نەیارەکانی تا ئێستا بە ئاشبەتاڵ ناوی دەبەن. ئەم ڕووداوە بە شکستی سیاسی و سەربازی لێکدەدرێتەوە.

ئاشبەتاڵێکی دیکە کە هەر لە سەردەمی خەباتی چەکداری کورددا ڕوویداوە، لە ساڵی 1988 بووە، ئەوەش کە لە پاش ئەنفال و کیمیاباران و هێرشەکانی ڕژێمی بەعس، سەرکردایەتی یەکێتی کە لەو کاتەدا هێزی یەکەمی کوردستان بوون، شیرازەی هێزەکانی ئەو حیزبە تێکچوو و زۆربەی پێشمەرگەکان ئاوارەی ئێران بوون.

فایەق گوڵپی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە کە پێشمەرگەیەک لە بەهائەدین نوری سیاسەتمەدار و یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی شیوعی دەپرسێت کە ئایا ئەمە ئاشبەتاڵە؟ ئەویش ڕایگەیاندووە کە ئەمە ئاشبەتاڵێکی سەربازییە و سیاسی نییە. لە بەر ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی کورد ئامادەی شەڕکردنە بەڵام بە هۆی چەکی کیمیاییەوە پێشمەرگە توانای شەڕی نەماوە. ئەمە ئاشبەتاڵێکی سەربازییە و وەک ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975 نییە.

هەندێک لە شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە لە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ئاشبەتاڵێکی سەربازی بە سەر هەرێمی کوردستاندا هاتەوە. لە پاش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریسیش لە مانگی ئازاری 2023 کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، هەرێم کەوتووەتە ناو ئاشبەتاڵێکی ئابورییەوە و بەم هۆیەوە ئەگەری ئاشبەتاڵێکی سیاسیش لە ئارادایە و کەسێکی دەوێت ڕایبگەێنێت.

لە بەرامبەردا ئاراستەیەک بە ڕێبەرایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەیە کە ئامادە نییە دان بە هەڵە و شکست و کەموکوڕییەکاندا بنێت و سەرجەم ئەو بۆچوونانەش ڕەتدەکاتەوە کە دەڵێن هەرێم لە دۆخێکی ئاشبەتاڵدایە.