میلیشیاخانەیەک بە ناوی هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان خۆی وەک قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵی دەناسێنێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کە دامەزراوەکانی وەک حکومەت، پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەریی هەیە، بەڵام لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە بەردەوام لە سەر بنەمای حیزبی، بنەماڵەیی و کەسی بەڕێوە دەبرێت.

هەرێمی کوردستان نازناوی قەوارە و حکومەت بە شوێنی خۆیدا ڕادەکێشێت بەڵام لەم هەرێمەدا هەموو شتێک بە پارتی و یەکێتی کراوە، لە ناوخۆی هەرێم سنوری دێگەڵە لە نێوان هەر دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیدا ڕاکێشراوە، هیچ شتێک لە سەر بنەمای حکومڕانییەکی تەندرووست نییە، ئەوەی هەیە و دەمووچاوە دیارە کاربەدەستەکانی لە بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان و کوێلە و شوێنکەوتووانی ئەوانن.

لەم هەرێمەدا کە هەموو شتێک هەمان دوو ئیدارەیی نەوەدەکانە، هێزی چەکداری سەر بە حکومەت و نیشتمان نییە. پارتی خاوەن هێزەکانی 80، زێرەڤانی، دژە تیرۆر، دەزگای پاراستن و لەشکر و لیوا تایبەتەکانە و یەکێتیش خاوەنی هێزەکانی 70، دژە تیرۆر، کۆماندۆ، دەزگای زانیاری و لیوا تایبەتەکانە.

چەندین ساڵە ئەمریکا و هاوپەیمانان خەریکی ڕێکخستنەوەی هەرێمی کوردستانن لە ڕووی سەربازییەوە بەڵام شکستیان هێناوە، هیچ ئیرادەیەک بەدی ناکرێت کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێکی نیشتمانی، هەر بنەماڵە و بەرپرسە هێزێکی بۆ خۆی پێکهێناوە و بە دڵی خۆی بەکاریان دێنێت.

بەرپرسانی پارتی بەردەوام ڕەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرن کە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک میلیشیا لەم وڵاتەدا چالاکی دەکەن، ئەی ئەم هێزانە لە کوردستان هەیە میلیشیا نین، سەر بەم کام حکومەت و کام نیشتمانن، سەر بە بنەماڵەکان و کەسە دیارەکانی ناو پارتی و یەکێتین، ئەم بارودۆخە پێناسەی میلیشیایی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات یان نە؟

تا ئێستا نەبووە کە وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بتوانێت فەرمان بە هێزەکانی 70 و 80 بکات و بتوانێت جوڵە بەو هێزانە بکات، نەک تەنیا وەزیری پێشمەرگە، بەڵکوو مەسرور بارزانی کە سەرۆکی حکومەتە ناتوانێت فەرمان بە هێزەکانی 70 ی یەکێتی بکات.

پارتی جگە لە هێزەکانی خۆی، چەندین هیزی میلیشیایی دیکەی بۆ کەسانی وەک عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لە چەمچەماڵ و محەممەدی حاجی مەحمود لە گوڵەخانە پێکهێناوە و بە پارە و بودجەی ئەم کوردستانە بۆ مەرامی کەسی و حیزبی ئەوانی ئامادە کردووە.

داهاتووی ئەم بارودۆخە و بە میلیشیاخانەکردنی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئەوەی کە ئەمریکا پارە و یارمەتییە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەبڕێت و ئەو هێزانە دەخانە لیستی ڕەشی وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی خۆیەوە.

هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان بە زەبری هێزی سەربازی و دەزگای هەواڵگری و ئەمنی بەردەوامی بە حوکمی خۆیان دەدەن، خەڵک زۆر دەمێکە ئەوانی ناوێت، هەڵبژاردنەکانی 2021 ی عێراق بە نموونە باس دەکەین کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک بایکۆتی دەنگدانیان کرد، ئەو ڕێژە کەمەش کە بەشدارییان کرد مووچەخۆر و هێزەکانی سەر بە پارتی و یەکێتی بوون کە نەک لە بەر حەز و خۆشەویستی حیزبەکانیان، بەڵکوو لە بەر مانەوەی مووچەکانیان بە ناچار چوونەتە سەر سندۆقەکانی دەنگدان.