میدیای چەواشەکار
کە سەیری زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان دەکەیت، دەبینێت کە لە کوێ و بە چ بودجە و پارەی کام لایەن و وڵات ئاراستە دەکرێن.
لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن، بەردەوام دەرگای نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایان لە هەولێر داوە و سواڵی پارە و بودجەیان کردووە.
دیارە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەش بە بێ کار و پلانی خۆیان پارە بە کەس نابەخشن و لە بەرامبەر پارەدا کاریان لەوان دەوێت.
هەر بۆیە دەبینین کە زۆربەی میدیا بە ناو سەربەخۆکان بوونەتە کۆیلەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەردەوام هەواڵی درۆ و پێچەوانەی ڕاستییەکان لە دژی ئێران بڵاو دەکەنەوە.
بۆ نموونە، بەردەوام هەواڵی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە کەسێکی کورد لە ئێران لەسێدارە درا. ئەمە مانشێتی هەواڵەکەیانە. کاتێک لە ناوەڕۆکی هەواڵەکە دەڕوانیت کە ئەو کەسە بە هۆی کوشتنی بەئەنقەستەوە دادگایی کراوە و لەسێدارە دراوە.
ئێران لەمەدا زۆر باشترە لە هەرێمی کوردستان. کاتێک کەسێک تاوانێک دەکات دادگایی دەکرێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە هۆی لاوازبوونی دادگاکانەوە، خەڵک خۆیان دۆسیەکانیان یەکلایی دەکەنەوە. ئەوەیە کە دەبینین ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان خەڵک بە دەستی یەکتر قوربانی دەکرێن. کێ هەیە لە بەرامبەر کوشتنی کەسە ئازیزەکانیدا بێدەنگ دەبێت. لە هەر نەتەوەیەکدا سزای کوشتن، کوشتنە. لە ئێرانیش کەسێک بکوژرێت، بکوژەکە پاش پرۆسەی دادگاییکردنەکە ئەگەر ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە بە دەست نەهێنێت لە سێدارە دەدرێت. کوێی ئەمە پێویستی بەو هەموو چەواشەکردنە هەیە کە میدیا کوردییەکان لە بەر بڕە پارەیەکی ئەمریکییەکان و ئەم و ئەو لە دژی ئێران بڵاوی دەکەنەوە؟
بۆ هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆست و بەرپرسیارێتییەکدا تۆزێک ویژدان بە پێویست دادەنرێت. هیوادارین میدیاکانی هەرێمی کوردستان لەم بێ ویژدانییە بێنە دەرەوە.