میدل ئیست ئای: کەسانی ناشایست دامودەزگاکانی هەرێم بەڕێوە دەبەن

ماڵپەڕێکی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە گەندەڵی بەردەوامی سیاسی و ئیداری و دارایی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە و دامودەزگاکانی هەرێم لە لایەن کەسانی ناشایستەوە بەڕێوە دەبرێن.

ماڵپەڕی میدل ئیست ئای لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە دەستنیشانکردنی وەزیر و پەرلەمانتاری نەشیاو و ناردنی شاندی نالێهاتوو بۆ بەغدا بەرژەوەندییەکانی کوردی لە عێراق لەبار بردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان بە هۆی دابەشبوونی سیاسی ناوخۆوە زیاتر لاواز بووە و ئەمەش وایکردووە کە حکومەتی ناوەندیی عێراق بە خێرایی کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم بکات.

میدل ئیست ئای سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە دامودەزگاکانی هەرێم لە لایەن کەسانی ناشایستەوە بەڕێوە دەبرێن کە بە داواکاری حیزبی دامەزراون.

ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە گەندەڵی بەردەوامی سیاسی و ئیداری و دارایی لە هەرێم زیاتر هۆکار بووە بۆ لاوازکردنی قەبارەی هەرێم و دانانی کاندیدی ناشایست بۆ پۆستە فەرمییەکانی حکومەتی ناوەندی، چ وەک پەرلەمانتار یان وەزیر یان دانوستانکار لە گەڵ بەغدا و ئەمەش بەرژەوەندییەکانی کوردی لاواز کردووە.