مووچە لە بەغدا و مووچە لە هەرێم!

حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەکات بەڵام حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 چاوەڕێی گەیشتنی 700 ملیار دینارە قەرزەکەی بەغدایە.

ئەمە دوا مانگە کە بەغدا ئەم قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر داواکارییەکی نوێی مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی قەرز لە بەغدا ڕاوەستاوە.

فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی چوارشەممە دابینکردنی خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی تشرینی دووەم بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە لە چوارچێوەی ئەو قەرزەی حکومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ بۆی دابینیکردووە، 700 ملیارەکە بگات تا لیستی دابەشکردنی مووچە ڕابگەێنێت.

پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8 لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی 11 ی ئەیلول کۆتایی هات، ئەو 700 ملیار دینارەی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنێرێت، کۆتا گوژمەی قەرزە سێ مانگییەکەیە، قەرزێک کە حکومەتی عێراق بۆ مانگەکانی ئەیلول، تشرینی یەکەم و دووەم دابینیکردووە بەو هیوایەی تا سەرەتای ساڵی داهاتوو هەر دوو حکومەتی هەولێر و بەغدا ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە یاسای بودجە بەلاوە بنێن.

ئەو 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینارە کە بەغدا بە قەرز بۆ هەرێمی دەنێرێت، بە پێی بڕیارەکەی لە شایستە داراییەکانی هەرێم بۆ ساڵی 2023 دەبڕدرێت، ئەگەر شایستەکانی هەرێم لەم ساڵەدا بەشی پێدانەوەی قەرزەکەی نەکرد، ئەوا لە شایستەکانی 2024 دەبڕدرێت، واتە حکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە، شایستەی ساڵی دارایی داهاتووی خۆیی خستووەتە ڕەهنەوە.