مووچە سەری دەسەڵاتی کوردی دەخوات؟

نەوەد و یەک ساڵ لەمەوبەر واتە لە ساڵی 1932 ڕۆژنامەی دیاری کوردستان ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە. هەواڵەکە بە باسی ستەمکاری تورکە عوسمانییەکان ئاوا دەست پێدەکات. دەوڵەتی عوسمانی لە ژێر فەرمانی سەردار نەجیب پاشا لەشکرێک ئامادە دەکات و ئەینێرێت بۆ سەر لەشکری ئەحمەدپاشای میرنشینی بابان.

ئەو دوو لەشکرە لە ڕۆژئاوای کۆیە بەرامبەر یەک وەستان و لەشکری کورد ئەوەندە ورەیان بەرز بوو هەموو لە بەزاندنی تورکەکان دڵنیا بوون بەڵام ئێوارەی پێنج شەممە کە دوایی مانگ دەبێت سەربازی بابان بێمووچەیی و گیرفانی بەتاڵ تەنگیان پێهەڵچنین و داوای مووچەیان کرد، یەکێک لە وەزیرەکان بە پاشای ڕاگەیاند کە توولە هەتا برسی بێت چاکتر ڕاو دەکات، پاشا ئەمەی بە گوێدا چوو و ئەو ڕۆژە مووچەی نەدا، ئەم قسەش بە گوێی لەشکرەکەی کەوت، لە سەرێکەوە وەرنەگرتنی مووچە و لە سەرێکی دیکەوە بڵاوبوونەوەی قسەیەکی وا سووک بوونە هۆی سەرپێچی لەشکر و لە ئەنجامدا قسەیان کردە یەک و ئەو شەوە تەقەی تفەنگێکیان کردە نیشانەیەک و لەشکری بابان بڵاوەیان پێکرا.

ئەحمەد پاشا کە ئەمەی بینی، سەری خۆیی هەڵگرت. میرنشینی بابان یەکێکە لە میرنشینە دیارەکانی مێژووی کورد. مێژوونوسان لە سەر ئەوە کۆکن کە لە ساڵی 1649 دامەزراوە و تا ساڵی 1850 حکومڕانی کردووە.

ئەوەش تاقە ڕووداوی مێژووی کورد نەبووە بەڵکوو 104 ساڵ پێش ئێستاش پێنەدانی مووچە بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتێکی دیکەی کوردی لە ناو بچێت. بەرەبەیانی 18 ی حوزەیرانی ساڵی 1919 هێزی بەریتانیا پەلاماری هێزەکەی شێخ مەحمودیان لە دەربەندی بازیان دا، لە ئاکامی شەڕەکەدا 48 کەس لە هێزەکەی شێخ کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش دەستگیر کران، تەنانەت شێخ مەحمود بە برینداری لە تەنیشت بەردەقارەمان لە گەڵ شێخ حەمەکەریم دەستگیر کرا. بەدەر لە ناهاوسەنگی هێز، کەمی چەک و تەقەمەنی و ئەزموونی شەڕکردن، یەکێک لەو هۆکارانەی بووە هۆی شکستی هێزەکەی شێخ مەحمود، بریتی بوو لەوەی شێخ مەحمود لە دابینکردنی پێداویستی لۆجستی نەیدەتوانی بە تەواوی ئیدارەی هێزەکانی بدات و هەژاری ئەم شۆڕشەی کورد بووە هۆکارێکی دیکەی شکستەکەی. دوای ماوەیەک لە هەڵگیرسانی شۆڕشەکە، شێخ مەحمود نەیتوانی مووچەی هێزەکەی دابین بکات و برسێتی و هەژاری تەنگی بە سوپاکەی شێخ هەڵچنی.

لە گەڵ هەر سەرهەڵدان و ئەزموونێکی حکومڕانی کوردی قەیرانی مووچەش هەبووە. بۆ نموونە، لە سەروەختی شۆڕشی ئەیلولدا کە لە ساڵی 1961 دەستیپێکرد و تا ساڵی 1975 بەردەوام بووە، بە وتەی هێنری کسینجەر وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا کە لەم ماوەیەدا کۆچی دوایی کرد، ئەمریکا و ئێرانی سەردەمی شا یارمەتیدەری دارایی ئەو شۆڕشە بوون، دواتر بە ڕێکەوتنی کورد و حکومەتی عێراق، مووچەی هێزەکان بووە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکان. حکومەتی عێراق بە بەرپرسانی ئەو کاتەی شۆڕشی کوردی ڕاگەیاندبوو کە ناوی زۆر کەسی مردوو لە نێو لیستی داواکراوی مووچەدایە، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە زۆربەی ئەو کەسانە وەک شەهید داوای مووچە بۆ خێزانەکانیان کراوە، شەهید نین.

لە دوای دروستبوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 و کشانەوەی دامودەزگاکانی بەعس لە کوردستان جارێکی دیکە کێشەی مووچە سەریهەڵدایەوە. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و سیاسی ئەو کاتەی کوردستان مووچەخۆران درووشمی سەری بەرزمان بۆ مووچە نەوی ناکەین بەرز کردەوە.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لێشاوی پارە ڕووی لە کوردستان کرد بەڵام ئەم قۆناغەش زۆر درێژەی نەکێشا، چوونکە دوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمەوە، حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی ڕاگرت و لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە قەیرانێکی سەختی ئابوری و دارایی کوردستانی گرتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە لەو کاتەوە تا ئێستا 12 مووچە، واتە مووچەی یەک ساڵ بە تەواوی نەدراوە و 34 مووچەش بە پاشەکەوتی و 10 مووچە بە لێبڕینەوە دابەش کراوە. ئێستاش نەک ئاسۆی دانەوەی ئەو مووچانە دیار نییە بەڵکوو حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023 ی دابەش نەکردووە و لە سنوری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەر هێشتا دەرگای قوتابخانەکان نەکراوەتەوە.

بەم دۆخەوە دەتوانین بڵێین کە بە درێژایی مێژوو، بێ پارەیی و هەژاری کاریگەری زۆر نەرێنیی لە سەر شۆڕش و دەسەڵاتی کوردی کردووە. کێشەکە لە ئێستادا بۆ ئەوە گەورە بووە کە بنەماڵەکانی دەسەڵاتدار و کەس و خزم و منداڵەکانیان وەک شا دەژین و خەڵکیش لەوپەڕی کێشە و نەهامەتیدان.