مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش ناکرێت

ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی داوە بەڵام مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دیسانەوە دوادەکەوێت و پێش جەژن دابەش ناکرێت.

مامۆستایانی وانەبێژ هێشتا شایستە داراییەکانی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە و هیچ ئومێدێک بە دابەشکردنی مووچەکەیان پێش جەژنی قوربان نییە.

مامۆستایانی وانەبێژ کەمترین مووچەیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەوانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە 250 تا 350 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانەش هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسن 250 تا 400 هەزار دینار مووچەکەیانە.

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار کەسە و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگانەیان حکومەت پێویستی بە نزیکەی 15 ملیار دینارە.