مووچەخۆرەکانی پارتی ڕژانە سەر شەقامەکان

بە شکستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ بەغدا کە بۆ ڕادەستنەکردنی 400 هەزار بەرمیلە نەوتی ڕۆژانە لە لایەن هەولێرەوە دەگەڕێتەوە، پارتی پلانی ئەوەی داڕشتووە کە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک مووچەخۆرانی خۆی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حکومەتی بەغدا بڕژێنێتە سەر شەقامەکان.

لە کاتێکدا کە دابەشنەکردنی مووچە کێشەی خستووەتە نێوان خەڵک و حکومەت و لایەنگرانی پارتیش ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە لاوازبوونی حکومەتەکەیان هەیە، مەسرور بارزانی بەشێک لە مووچەخۆرەکانی حیزبەکەیی ڕژاندە سەر شەقامەکان و پلانی ئەوەش هەیە کە لە هەر دوو پارێزگای دهۆک و هەولێر ئەو بە ناو ناڕەزایەتییانە لە دژی بەغدا بەڕێوە بچێت.

پارتی بەم هەنگاوە دەیەوێت شکستەکانی لە حکومەتی هەرێم بکاتە بابەتێکی نیشتمانی و دیسانەوە ناکۆکییە حیزبی و شەخسییەکانی لە گەڵ بەغدا ببەستێتەوە بە بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانەوە کە ئەمەش سەرکەوتوو نابێت و هەرێم هێندە پێگەی لاواز بووە بتوانێت کەڵک لەوە وەربگرێت.