مونا پارتیچی بێڕێزی بە کوردستان دەکات
مونا قەهەوەچی هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی پێکهاتەی تورکمان زیاد نەکرێن پەنا بۆ تورکیا دەبەن.
مونا قەهوەچی کە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە هۆی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانییەوە پۆستی سکرتێری پەرلەمانی پێبەخشرابوو، بە تورکیا هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت بە تورکیا دەڵێین فشار لە سەر هەرێم درووست بکات.
لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان داوا دەکەن کە ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان زیاد بکرێت. ئەمەش پلانێکی پارتی و تورکیایە و دژی ئەو هەوڵەیە کە یەکێتی لە دادگای فیدراڵی عێراقەوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی ئەوان گرتوویەتەبەر.
لایەنە سیاسییە تورکمانەکان لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەری کۆنسوڵخانەی وڵاتانی ئەورووپی لە هەولێر ئامادەی بوون، پرسی زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی تورکمانەکانیان تاوتوێ کرد.
مونا قەهوەچی بە پاساوی ئەوەی کە تورکمان سێهەم پێکهاتەی عێراق و دووەم پێکهاتەی هەرێمە، داوای زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی کردووە. ئەو ڕایگەیاندووە کە پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان قبووڵکراو نییە.
مونا قەهەوەچی هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە تورکمانەکان ڕێگەی یاسایی بۆ بەرگری لە خۆیان دەگرنەبەر. ڕاشیگەیاندووە کە تورکمانەکان داوا لە تورکیا دەکەن بۆ بەدیهاتنی مافەکانیان دەستوەردان بکات.
مونا پارتیچی هەڕەشەی ئەوەشیکردووە کە نابێت یاسای هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەستکاری بکرێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە یاسای کۆتاکاندا بکرێت.
تورکمانەکان داوای ئەوەیانکردووە کە کورسییەکانیان لە 5 کورسییەوە بکرێتە 10 کورسی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەکێتی بە فەرمی لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لە دژی 5 کورسییەکەی تورکمانەکان تۆمار کردووە و جگە لەمەش کورسی پێکهاتەکان جێگەی مشتومڕی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە و تەنیا پارتی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەرگری لەوان دەکات.