موسه‌ننا ئه‌مین: لیستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پڕیه‌تی له‌ ناوی ساخته‌

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای داتای ڕاستەقینە مووچەی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رایگەیاند، حکومەتی هەرێم کۆدی مووچەخۆرانی هێزە ئەمنییەکانی ناردووە بۆ بەغدا، بەڵام عێراق قبوڵی ناکات چونکە پڕیەتی لەناوی ساختە.
وتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەزگا ئەمنییەکاندا، بەرگری، فریاکەوتن، زێرەڤانی، هێزەکانی 70 و 80، لیستی مووچەی سەرجەمیان نێردراوە بەڵام قوبوڵ نەکراون لە لایە عێراقەوە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی دوو مانگ دەبێت هێزەئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ناردنی مووچه‌ی مانگی ئایاری فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم جگه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.