من عەلی باپیر بم چی دەکەم ؟ جەلال محەمەد

کۆمەڵ دادگەری لە بارودۆخێکی شێواودایە کە هۆکاری ئەم بارودۆخەش بێدەنگی خودی سەرۆکەکەی بووە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە سیاسەت ، ئیدارە و رێکخستن ، پەیوەندییەکان و بێ ئاگایی لە میدیاکەیدا .

تاکە رێگە دەربازبوون و سەرپێخستنەوەی کۆمەڵیش هەر تەنها بە وەدەنگ هاتنی خودی م.عەلی باپیر و وەگەڕخستنی دەسەڵاتەکانی دەکرێت ، وەک بریاری رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەشداری نەکردنی لە پەرلەمانی دیزاینکراو.

دەبێت ئەندام و کادێرانی ئەم حزبە باش بزانن شکستی کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان نــەبوو(لەگەڵ بوونی ساختەکاری زۆر) بــەڵکوو شکستی کۆمەڵ لە دوو رووداوی پێشوودا بوو .

یەکەمیان رێککەوتنێکی سیاسیانەی شەخسیانەی بەحزبیکراویی پێش هەشتی تەموز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو .

دووەمیان بێ ئەرزشکردنی بڕیارە چاکسازییەکانی خودی سەرۆکی کۆمەڵ بوو کە پاش بەسەر کردنەوە و راوێژ و وردەکارییەکی زۆر لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانە جیاوازەکان بە داخەوە بە یارییەکی زۆر لێزانانە چاکسازییەکەیان شکستپێهنا کە دەبوو سەرۆکی کۆمەڵ هەر ئەوکات یان قبوڵی نەکردایە یان کۆنگرەی پێشوەختەی بکردایە و سزای یاریکەرەکانی بدایە ، لانیکەم پەنای بۆ کۆنفرانسێک ببردایە بۆ ئەوەی لەوێوە بڕیارەکانی جێبەجێ بکات.

ئێستا بارودۆخی نێوخۆیی کۆمەڵ هاوشێوەی بارودۆخی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو باش نیە رەنگە کۆمەڵ خراپتر دیار بێت و ئاشکرا بێت کە ئەوەش ئاساییە ، چونکە بە سروشتی خۆی ، کۆمەڵ هەموو شتێکی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بووە تەنانەت کێشە شەخسیەکانی بەرپرسەکانیشی بە پێچەوانەی حزبەکانی دیکە.

لە پاش بریاری نەچوونی بۆ پەرلەمان ، کۆمەڵ بارودۆخی دەرەوەی بۆ گەمەیەکی نوێ سیاسی بە کاراکتەری نوێیوە زۆر لە بــارە و کاتیەتی سەرۆکی کۆمەڵ حزبەکەی بباتەوە بۆ سەردەمی زێڕین.

دەپرسن چـــۆن ؟

گەر من م.عەلی باپیر بم ئەم 10 خاڵە جێبەجێ دەکەم .

سەرەتا بۆ ماوەیەکی نادیار واز لە نوسین و خوێندنەوە دەهێنم و دەگەڕێمەوە بۆ سلێمانی و لە ناو بارەگای مەکتەبی سیاسی رۆژانە دەوام دەکەم.

یەکەم : ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی جیاواز و بێ هەڵای ئیعلامی بە هێنانەوە چەند کاراکتەرێکی سیاسی پێشوو کە بێ مەلەفن و هەموو مەلەفدارەکان دوور دەخەمەوە و کۆمەڵێک گەنجی ئازا و دەستەمۆنەبوو دەهێنمە پێشەوە.

تیمێکی 25 کەسی لە کادێری وەسەت لە ناوچە جیاوازەکانی دروست دەکەم کە راستەوخۆ پەیوەندیم پێیانەوە دەبێت وپێشنیاریان لێوەردەگرم و راسپاردەم دەبێت بۆیان.

راستەوخۆ ماڵ بە ماڵ دەکەم تاوەکوو ئاشتەواییەکی گشتی دروست بکەم .

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بێ هیچ موناقەشەیەک هەر ئەندامێکی کۆمەڵ تۆرابێت دەیدۆزمەوە ودەیگەڕێنمەوە.

دڵی پێشمەرگە دێرینە فەرامۆشکراوەکان و کەسوکاری شەهیدان ئاشت دەکەمەوە.

دووەم : دروستکردنی ژورێک بە ناوی “پەرلەمانی خەڵک” کە پێکهاتبێت لە چەند پەرلەمانتارێکی پێشوو وە بەشێک لە کاندیدەکانی ئەمجارە و چەندین گەنجی بەتوانا لە بوارە جیاوازەکان وە هەروەها دروستکردنی تیمێکی میدیایی تۆکمە بۆ کاروبارەکانیان.

ئەم پەرلەمانە پەیڕەوی نێوخۆیان بۆ دادەنێم و دەبێت ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان و حکومەت بن و ئۆپۆزسیۆن ئۆپۆزسیۆن بن و رەحم بە لارولەوێری و گەندەڵی هیچ کەس لایەنێکی سیاسی و کۆمپانیا نەکەن.

سێیەم : گورانکاری لە ستراتیژ و سیاسەتی میدیای فەرمی حزبەکەم دەکەم و پشتیوانی زیاتری بۆ فەراهەم دەکەم کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنم کە تێدا ریکلام بۆ پرۆژەکانی دەسەڵات بکرێت و خاتری خاتران بگرن.

چوارەم : خۆم راستەوخۆ سەرپەرشتی پەیوەندییەکانی حزب دەکەم ، درگا لە هیچ کەس و لایەنێک داناخرێت و سەردانی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم بەڵام سازش لە سیاسەت و ئامانجەکانمان ناکەین با لە گەڵ تاران بێت یان لە گەڵ توران ، دەباشان بێت یان پیرمام.

پێنجەم : پێداچوونەوە بە سیاسەتی کار و ئیدارەدانی پەروەردە و بانگەواز .

شەشەم : نابێت هیچ بەرپرسێکی حزب سەرپەرشتی و تەداخول لە پرۆژە خێرخوازییەکان بکات و بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی پرۆژەکان خۆم تەداخولی راستەوخۆ دەکەم.

تەنانەت هیچ سەرکردایەتیک بۆی نیە دینارێک لە هیچ کۆمپانیا و کەس و شوێنێک بۆ کاری خێری و نەخۆش و خوێندکار وەرگرێت.

حەوتەم : رێکخراوی قوتابیان و لاوان دەبێت کاریان تەنها لە چوارچێوەی پروسەی پەروەردە و خوێندن ، قسەکردن لە پرسی گەنجان و چۆنیەتی چارەسەری کێشەکانیان وە بەخشینی هیوا و چۆنیەتی گۆڕانکاری بێت نەک بەکاربهێنرین بۆ کێشمەکێشی حزبی و پشتگیری کەسی بۆ کۆنگرە وکۆنفرانسەکان.

هەشتەم : سەرپەرشتی کردنی راستەوخۆی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە بەغدا.

نۆیەم : دروستکردنی دەستەیەکی دەستپاکی بۆ چاودێری کردنی موڵک و ماڵی بەرپرسانی حزب وە بە تایبەت ئــەوانەی پۆستی حکومی و پەرلەمانی وەردەگرن و وەریانگرتووە.

دەیەم : هەرچی پولیسی دامەزراو هەیە لە هەر شوێن و ئیشکی حزبیدا هەبن دەیانگەڕێنمەوە بۆ کاری پاسەوانی و نابێت هیچ کارێکی دیکە لە ناو حزبدا ئەنجام بدەن.