ماڵباتی بارزانی ئاگایان لە حاڵی خۆیانە؟

ماڵباتی بارزانی دەسەڵاتداری ڕەهای هەولێر و دهۆکن و خۆیان بە دەسەڵاتداری هەموو هەرێم دەزانن بەڵام هیچ کات هێندەی ئێستا شەت و پەت و هەلا هەلا نەبوونە، هەر دوو ئامۆزا هەر یەک لە ئاوازێک دەخوێنن، میدیاکان و میدیاکارەکانیان لە یەکتر لە بۆسەدان، سوپایەک هەرزەشیان هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر یەکێک ڕەخنەیان لێبگرێت شڵپ و شۆی دەرکەن و هەزار و یەک بوختانی بۆ بکەن.

بارزانی باوک هیچ کات وەک جاران قسەی نایخوات، دیوارێکی گەورەش لە نێوان خەڵک و ئەو شوێنەی ناو نراوە بارەگای بارزانی، درووستکراوە. سەرۆکی هەرێم بڕیار دەردەکات و ئامۆزاکەی وەک سەرۆکی حکومەت جێبەجێی ناکات، بە جیاجیا دەچنە ناوبژی شەڕە بۆکس و لەقەکەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، یەکێک قۆرت بۆ یەکێتی لێدەدات و ئەوی دیکە دەڵێت بەرگە بگرن.
بە بەرچاوی ئەوانەوە بریکاری وەزیری پێشمەرگەیان زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن دینار بۆ کەیف و سەفای خۆی تەرخان دەکات و پاکەوانەکانی هەولێریش دوو مانگە چاویان لە هاتنی مووچەیە.
ئەوان نەک هەر لە نێوان خۆیان و خەڵکدا دیواریان بەرز کردووەتەوە، لە نێوان خۆیانیشدا دیوارەکەیان چەند قات کردووەتەوە، ئەو بنەماڵە نازدارە کوردە کە زۆر شانازییان بەوە دەکرد بارزانی باپیر بە بێ پارە مرد، ئێستا ژمارەی پارە، ڤێلا، تەلار، کۆمپانیا، کەناڵ، بڕوانامە و ئەسپەکانیان نازانن، ئەم بنەماڵە نازدارەی کورد زیاتر لە 32 ساڵە بەڵێنی بە بەهەشتکردنی کوردستان بە خەڵک دەدەن و دواتریش دەڵێن جاش و فڵان و فیسار نەیانهێشت.
ئەمڕۆ ڕیفراندۆم بکەن دەڵێن بۆ سەربەخۆیی دەیکەن، بەیانی دەڵێن بۆ سەربەخۆیی نەبووە، ئەمڕۆ بڵێن بەغدا موفلیسە و بای بای عێراق، بەیانی دەکەونە گازندەی ئەوەی ئەوان هەموو شتێکیان ڕادەستی بەغدا کردووە، بە ئاشکرا هەر ئێستا تا دە ساڵ زیاترە دەست پێوەندەکانی دوو ئامۆزا هیچ نامێنێ بە یەکتری نەکەن، کەچی خۆیان زۆر تەبا و بێ کێشەش نیشان دەدەن.