مامۆستایەکی زانکۆ: توانای سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە زۆر کەمە

مامۆستایەکی زانکۆ ڕایگەیاندووە کە پارتی و یەکێتی متمانەیان بە یەکتر نەماوە و بەرژەوەندی حیزبییان خستووەتە پێش بەرژەوەندییەکانی خەڵک و هەرێمی کوردستانەوە.

هاوڕێ حەسەن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە ساڵی 1992 ەوە داوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بەڵام پارتی و یەکێتی هەر بەڵێن بە خۆیان و بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدەن و تا ئێستا پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نین.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە حیزبی کراون و توانای سەربازییان بە پێی ژمارەیان زۆر کەمە.

هاوڕێ حەسەن وتی کە ئەمریکا لە ئەگەری یەکنەخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت.

ناوبراو وتی کە هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ حیزب براوە و شارەزایانی ئەمریکیش ڕایانگەیاندووە کە ئەو هاوکارییانە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی کە ئەگەر هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبێت، قەوارەی هەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە.