مامۆستایانی هەولێر هەڕەشە لە حکومەت دەکەن

پارتی دیمۆکراتی کوردستان تا ئێستا بە زەبری زۆر و هێزە ئەمنییەکان ڕێگریی لە دەربڕینی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە بەڵام دوا جار مامۆستایانی ناڕازی هەولێر دەنگی خۆیان بەرز کردەوە و هەڕەشەیان لە حکومەتە خۆڕاگرەکە کردووە.

دەستەی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر ڕایانگەیاندووە کە ماوەی دە ساڵە پرۆسەی بەروەردە لە دۆخێکی ناجێگیر و ناڕێکدایە و بە هۆی پێنەدانی مووچەوە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دۆخێکی زۆر دژواردان.

مامۆستایانی هەولێر پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانی مامۆستایانی سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین دەربڕیوە و داوایان کردووە کە مووچەی مانگەکانی 9 و 10 دابەش بکرێت.

ئەوان هەڕەشەیان لە حکومەتی هەرێم کردووە کە بە خێرایی چارەسەری ئەم قەیرانە بکات و کەرتی پەروەردە بخاتەوە سەر سکەی خۆی و بە پێچەوانەوە ئەگەر حکومەت بێباک بێت و وەڵام نەداتەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستمان دەبێت.