لە وەزارەتی ئەوقاف چیت کردووە؟!!

ئەم نووسینە وەک وەڵامێکە بۆ وتارەکەی مەریوان نەقشبەندی کە بە ناوی لە وەزارەتی ئەوقاف چیم کردووە، بڵاویکردووەتەوە.

پێش ئەوەی لە بەرواری 13 ی ئابی 2023 ڕاژەکەت بگوازرێتەوە سەر میلاکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە ماوەی 28 ساڵ کارکردنت لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم تەنیا بەڕێوەبەرێکی ئاسایی و پلە بە پلە ناونیشانی وەزیفیت نەبڕیوە و بە هۆی ملکەچبوونت بە سیاسەتەکانی پارتی و بارزانی دەیان ئیمتیازت وەرگرتووە.

لە ماوەی کارکردنت لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئائینی حکومەتی هەرێم کۆمەڵە ئەجێندایەکی ناوخۆیی و دەرەکیت جێبەجێکردووە، وەک:

یەکەم: تۆ ئەگەرچی سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان نەبوویت بەڵام لە کادیران و ئەندامانی پارتی زیاتر ملکەچی ئەو حیزبە و بنەماڵەی بارزانی بوویت و لە وەزارەتی ئەوقاف ناڕاستەوخۆ خزمەتت بە سیاسەتەکانی ئەوان کردووە.

دووەم: گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کارباری ئیسلامی بە ناوێک بۆ دڵخۆشکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا نەک تەنیا خیانەت بە ئیسلام و زۆرینەی موسڵمان لە هەرێمی کوردستان بووە بەڵکوو هەوڵێک لە پێناو وەرگرتنی پشتیوانی و ئیمتیاز لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە، وەک چۆن بەو بۆنەوە لە ئەمریکا لە گەڵ جولەکەیەک ڕێزت لێگیرا.

سێهەم: پلانی درووستکردنی کەنیسە و پەرستگەی مەسیحی و جولەکە لە هەرێمی کوردستان لای تۆوە داڕێژراوە و بە گشتی سیاسەتی دوورکردنەوەی هەرێمی کوردستانت لە ئائینی پیرۆزی ئیسلام جێبەجێ کردووە.

چوارەم: لە بەر ئەو پارە و بودجەی لە قەوارەی جولەکەت وەرگرتووە کە بە هاوبەشی لە گەڵ شێرزاد مامسانی بووە، جێبەجێکاری سیاسەت و پلان و پرۆژەکانی تەل ئەبیب لە هەرێمی کوردستان بوویت. تۆ کە خۆت بە موسڵمان دەزانیت چۆن ئەو هەموو تاوان و دەسدرێژییەی قەوارەی جولەکەت بۆ سەر قودس و مزگەوتی ئەقسا و فەڵەستینییەکان بینیوە و پشتیوانیت لە جولەکە و ئیسرائیل کردووە؟

پێنجەم: کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی کەمینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف نەک تەنیا کارنامە و پلانی تۆ نەبووە، بەڵکوو سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بووە کە بەو پارەیەی وەرتگرتووە تەنیا جێبەجێت کردووە.

شەشەم: پێکهێنانی تیمی پێکەوەژیانی ئائینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف تەنیا بۆ بیانووی سەردانیکردنی وڵاتانی دەرەوە و کۆبوونەوە نهێنییەکانت لە گەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان و وەرگرتنی پارە و ئیمتیازاتەکان بووە.

حەوتەم: ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لە نزیکەوە بینراوە، چالاکییەکانت لە وەزارەتی ئەوقاف تەنیا خزمەت بە ئائینەکانی دیکە بووە و شتێکت بۆ ئیسلام و موسڵمانان نەکردووە، بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگای کوردیی موسڵمان پەرەت بە مەسیحی و جولەکە و بەهائی و هتد داوە تا ئەم نیشتمانە کە بە ناوی زانایان و کەڵە پیاوانی ئائینی ئیسلامەوە ڕازاوەتەوە، لەم ئائینە پیرۆزە دووربخەیتەوە.

لە هەموو کار و پرۆژە و چالاکییەکانیش ڕاوێژ و کۆبوونەوەت لە گەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی نوێنەرایەتییە بیانییەکان یان ڕێکخراوەکانی دەرەوە کردووە.