لە هەولێر شێر و لە بەغدا ڕێوین

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بەرپرسانی پارتی، لە هەولێر بە کوردی هەڕەشە دەکەن و لە بەغداش بە عەرەبی سازش دەکەن. شاندەکانی هەرێم بەردەوام لە ڕێگای بەغدان و پاش کۆبوونەوەکان دەڵێن کێشەکان چارەسەر کراون کەچی هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە هەولێر.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە خەڵک دەڵێت پارەتان لە بەغدایە، کاتێک خەڵکیش داوای مووچەی ڕاستەوخۆ لە بەغدا دەکەن بە عێراقچییەتی تۆمەتباری دەکەن.

شاندەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە گەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، لەو کۆبوونەوانەدا دوو پرسی پشکی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێک دیار نییە و کێشەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی هەرێم هەموو کات ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە لێکتێگەیشتنی باش لە گەڵ بەغدا هەیە و کێشەکان چارەسەر دەبن بەڵام خەڵک ڕاستییەکان دەزانن و هیچ نەگۆڕاوە.

وتەبێژەکەی مەسرور بارزانی ماوەیەک هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر بەغدا مووچە و بودجەی هەرێم نەنێرێت مامەڵەی هەولێر لە گەڵ بەغدا جیاواز دەبێت. پێشەوا هەورامانی لەم ماوەیەدا زمانی هەڕەشەی لە بەرامبەر حکومەتی عێراق تیژ کردبووە و ڕایدەگەیاند کە جۆرێکی دیکە لە گەڵ بەغدا مامەڵە دەکەین بەڵام باسی ئەوەی نەکرد کە مامەڵەکەیان چۆن دەبێت. خەڵکیش ئەوە دەزانن کە مامەڵەکە چۆن دەبێت، ئەوەتە شاندەکەی هەرێم گەڕاوەتەوە بەغدا و دیسانەوە بە ملکەچەییەوە داوای قەرز لە حکومەتی عێراق دەکەن.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ حکومەتی هەرێم لاوازتر دەبێت و ناوە ناوە لە زاری بەرپرسانیەوە دەبیسین کە شکستیان هێناوە. هەرێم تەواوی کارتەکانی دەستی سووتاوە و بە دەسەتی بەتاڵ هەڕەشە لە بەغدا دەکات.