لە هەولێر دزی لە ئەمریکییەکان کراوە
ماڵپەڕی ئەمریکی “The Intercept” بڵاویکردەوە، بەڵگەنامە نهێنییەکان ئاشکرایانکردووە ئامێرە سەربازییە “هەستیارەکان” لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دزراون، وەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە بڵاویشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووەو، ئاماژە بۆ ئەوە هەیە، چەندین ئامێر و چەکی هەستیار، لەوانەش مووشەکی ڕێنماییکراو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە عێراق دزراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، جگە لەوە لێکۆڵینەوەکان دزینی سەدان هەزار دۆلار کەرەستەی سەربازی دیکەشى پشتراستکردووەتەوە، کە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا تەرخانکرابوو لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢ تۆمارکرا.
ئەوەش ئاشکراکراوە، وردەکارییەکانی ئەو دزیانەی لە عێراق ڕوویانداوە، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام میدیاکان ڕێگەی یاسای ئازادی زانیارییەوە دەستیان کەوتووەو لەو راپۆرتەدا ئاشکراکراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، لە مانگی شوباتی ڕابردوودا لێکۆڵەرە سەربازییەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بازرگانی، کە بەهای نزیکەی 162 هەزار و 500 دۆلارە، لە دامەزراوەیەکی ئەمریکی لە شاری هەولێر دزراون، بەڵام لێکۆڵەران ناسنامەی هیچ گومانلێکراوێکیان دەستنیشان نەکردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەیەکی جیاکردووە کە تێیدا هاتووە “چەند چەک و کەرەستەی هەستیار”، لەوانەش کەرەستەی بینین و مووشەکی هەڵدانی جاڤلین، کە بە شان ڕێنمایی دەکرێن، لە بنکەی ئۆپەراسیۆنی پێشەوە “یونیون-3” لە بەغدا، یان لەکاتی گواستنەوەیان دزراون، کە نرخەکانیان بە نزیکەی ٤٨٠ هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.