لە هەولێر بازرگانیی سێکس بە ژنان و کچانەوە دەکرێت
بازرگانیکردن بە کچانی تەمەن خوار 18 ساڵ لە باڕ و یانە شەوانەکانی هەولێر بووە بە دیاردە. هاوکات بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و بە ئاشکرا ڕێکلامیان پێوە دەکرێت، ئەمەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە.
سەبارەت بەم دیاردەیە، پەیمان عێزەدین چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند کە بازرگانیکردنی سێکس بە ژنان و منداڵان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت، بە بێ ئەوەی کە ڕێگری لە وەها کارێک بکرێت، ئەمەش کاریگەری خەراپی لە سەر کۆمەڵگا داناوە.
ناوبراو وتی: ئەم بەکارهێنان و بازرگانیکردنە دوورە هە سەرجەم بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان، لە بەر ئەوەی کە لەم تەمەنەدا منداڵان توانای بڕیاردانیان نییە، بۆیە لە گەڵ گەورەبوون جەستەیان بە کاڵا دەکرێت، ئەمەش تاوانە بەرامبەر بە منداڵان و دەبێت ڕێگری لێبکرێت.
پەیمان عێزدەین ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە دەرکردنی یاسایەکی توندی باری کەسی، ڕێگری لەم دیاردەیە بکات.
هەروەها کنێر عەبدوڵڵا نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان وتی: بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە و دەچێتە چوارچێوەی توندووتیژی دژ بە ژانن و منداڵان، هەر بۆیە بەکاڵاکردنی ئەوان لە یانە شەوانەکان پێچەوانەی هەموو بنەماکانی مرۆڤ بوونە بە تایبەت ژنان و کچان کە بۆ مەبەستی سێکسی بە کاڵا دەکرێن.
ناوبراو وتی: پێویستە حکومەتی هەرێم بەدواداچوونی ورد لە سەر ئەم دیاردەیە بکات، لە بەر ئەوەی کە بازرگانیکردن بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بە تاوان هەژمار دەکرێت، ئەرکی حکومەتی هەرێمە ڕێگری لەم دیاردەیە بکات و لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەسانەش بکرێت کە ئەو شوێنانەیان کردووەتەوە و بوونەتە مۆڵگەی بازرگانیکردن بە منداڵان و دەبێت دادگایی بکرێن.