لە هەولێرەوە ڕوبەڕوبونەوەی مەسرور بارزانی دەستیپێکرد

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاواری نانەوایەک هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی هەژاند. ئیدریس مەسعود ناسراو بە ئیدریسی نانەوا هاواری هەژاران و برسییەکانی هەرێمی کوردستانی گەیاندە هەمووان و ئەو هاوارەش دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووست کرد.

ئەگەرچی ئیدریسی نانەوا ئازاد کرا بەڵام زیاتر لە 600 نانەواخانەی هەولێر لە دژی بڕیارێکی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی مانگرتنیان ڕاگەیاند و ئامادە نەبوون بڕیارەکە قبووڵ بکەن.

یەکەم جارە لە هەولێرەوە ڕوبەڕوبونەوەی قورسی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە. خاوەن نانەواخانەکان هەڕەشەی دەستگیرکردن پاشەکشەی پێنەکردن و مانگرتنیان لە کارکردن ڕاگەیاند.

خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر بەیاننامەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە بە هۆی ئەو هەموو فشارەی لە سەریانە و لە لایەن بەرپرسانەوە دەست خراوەتە گیرفانیانەوە، ئامادە نین کار بکەن و چالاکییەکانیان ڕاگرتووە.

ئەوان ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی هەولێر بە ناوی مەسرور بارزانییەوە هەڕەشەیان لێدەکەن و فشاریان خستووەتە سەریان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری هەر دە نان و سەموون بە هەزار دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی ئارد و غاز و پێداویستییەکانی دیکە بۆ نانەواخانەکان زۆر بەرز بووەتەوە و ئەمەش زیانێکی زۆر بەوان دەگەێنێت.

ئەمە یەکەمجارە بەم شێوەیە لە هەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانییەکانەوە ناڕەزایەتی ڕادەگەێندرێت و خەڵک بە گژی دەسەڵاتدا دەچنەوە.