لە هەرێمی کوردستان چی لە مامۆستایانی ئائینی دەکرێت؟

دەسەڵاتدارانی پارتی بە هۆی داواکردنی نەوتەوە بۆ مزگەوتێک، مامۆستایەکیان لە وتاربێژی دوورخستەوە.

مامۆستایەکی ئائینی داوای نەوتی بۆ مزگەوتێک کرد بەڵام بێڕێزییان بەرامبەر کرد و لە مزگەوتەکە کردیانە دەرەوە و لە وتاربێژی دووریانخستەوە.

ئەو مامۆستا ئائینییە ڕایگەیاندووە کە ماوەی دوو ساڵە دڵۆپە نەوتێک بە مزگەوتەکە نەدراوە.

ئەو ڕایگەیاندبوو کە بۆ بارەگا حیزبی و حکومییەکان هەموویان نەوت وەردەگرن بەڵام مزگەوت بێبەش دەکرێت؟

بە هۆی ئەو وتانەوە مەلا مەهدی زێباری لە مزگەوتی خرتەی ژوروو لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک دوورخرایەوە.

ئەو لە وتارێکی هەنیندا ڕایگەیاندبوو کە مزگەوت بەم زستانە نەوتی نەماوە. هەروەها داوای لە خەڵک کردبوو کە بە پێی توانایان نەوت بۆ مزگەوتەکەی بەرن تا لەم زستانەدا مزگەوتی پێ گەرم بکەنەوە.

ئەو بە توندی ڕەخنەی لە وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی هەرێم گرتووە کە نەوت بۆ هەموو شوێنێک دابین دەکەن بەڵام بۆ ئەوەی مامۆستای ئائینی لە سەر مینبەر نەبێت و ڕەخنە نەگرێت، نەوتیان بۆ مزگەوتەکان دابین نەکردووە.

مامۆستا ئائینییەکە وتارەکەیی لە سۆشیاڵ میدیاکەی خۆی بڵاو کردەوە و پاشان ئەوقافی ئاکرێ هەڵیکوتایە سەری و داوای سڕینەوەیان لێکرد بەڵام ڕەزامەندی دەرنەبڕی و ڕۆژی دواتر بڕیاری دوورخستنەوەی جێبەجێکرا.

مەلا مەهدی زێباری بۆ مزگەوتی گوندێک گواستراوەتەوە و پێی وتراوە کە مافی وتاربێژیی نییە و تەنیا دەبێت پێشنوێژی بکات.

ئەو ڕایگەیاندووە کە وتەکانی مافی خۆیە و ڕاستییەکە کە دەبێت خەڵک لێی ئاگادار بن.

ئەمە ئەو ئازادییەیە کە مەسرور بارزانی و کابینەکەی بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکەن، دەسەڵاتێک کە تەنانەت بەرگەی قسەی مامۆستایەکی ئائینی ناگرێت.