لە هەرێمی کوردستان شەڕە مووچەیە

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە دواکەوتن و لێبڕینەوە مووچەکانیان وەرگرتووە، حکومەتیش هیچ چارەسەرێکی نەبووە و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی تاڵان کردووە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکات کە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان بدات.

بەم هەموو لاوازییەی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردن و دابەشکردنی مووچە، مووچەخۆران و فراکسیۆنە کوردییەکان هەوڵ دەدەن حکومەتی عێراق وەک پارێزگاکانی دیکەی ئەم وڵاتە، مووچەی هەرێمی کوردستانیش دابەش بکات بەڵام حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و پارتی بە توندی دژی ئەمە وەستاونەتەوە.

هەرێمی کوردستان لە سەر مووچەی فەرمانبەران بووەتە دوو بەشەوە، مووچەخۆرانی هەرێم دەیانەوێت لە میحنەتی هات و نەهاتی مووچە ڕزگار بن و پارتی و حکومەتەکەی هەرێمیش دژی ئەمەن و دەڵێن شتی وا ڕوو نادات.

چوار فراکسیۆنی یەکێتی، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کە لە هەمواری یاسای بودجەدا ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات، دواتریش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نووسراوی واژۆکراوی هەر چوار فراکسیۆنەکەی ڕادەستی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

پێشتریش مامۆستایانی ناڕازی بۆ هەمان مەبەست ڕوویان لە بەغدا کرد و لە ئێستادا هەوڵی کۆکردنەوەی 200 هەزار ئیمزا بۆ پشتیوانی لەم داواکارییە دەدەن.

هەوڵەکان بوونەتە هۆی نیگەرانی مەسرور بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لە دوو ئاستدا دژایەتییەکانیان دەستپێکردووە. سەرەتا بەرپرسەکانی وەک مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی لە پشکی پارتی و عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و چەندین بەرپرسی دیکە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان بە شێوازی ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە بە نایاسایی و نادەستووری ناو برد.

دواتر مەسرور بارزانیش هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ئەگەر بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە بنێرێت نیوەی مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان پێناگات، چوونکە ئەو مووچەخۆرانەی لە بەغدا ناو و ئەولەویاتیان هەیە زۆر کەمترن لەو ژمارە مووچەخۆرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەو لیستەی مووچەخۆران کە لای حکومەتی هەرێمە، لیستێکی حیزبییە و بە هەزاران کەسی تێدایە کە قەد فەرمانبەر نەبووە، کەسانی وای تێدایە کە تەنیا بۆ مووچەوەرگرتن دامەزراون، جاش و موستەشارەکانی کۆن و ئەندامانی بنەماڵەکانی ئەوانی تێدایە، بە هەزاران بندیواری پارتی دیمۆکراتی کوردستانی تێدایە و هەر ئەمەش وایکردووە کە مووچەخۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم لە مووچەوەرگرتنی خۆیان بێبەش بن.

لە ئێستادا شەڕە مووچە لە نێوان مووچەخۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم و چوار حیزبەکە لە گەڵ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و پارتی گەرمتر بووە و هەر لایەنێک هەوڵ دەدات لە بەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسکەوتێک بۆ خۆی بەکاری بێنێت.