لە مامۆستایانەوە بۆ حکومەتە خۆڕاگرەکە
هاوکات ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە دەبێت مامۆستایان کۆتایی بە بایکۆت بێنن و هەڕەشەی ئەوەشیکردووە هەر مامۆستایەک نەچێتەوە هۆڵەکانی خوێندن، سزا دەدرێت.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردە بووەتە هۆی توڕەبوونی مامۆستایانی ناڕازی و ئەوان هەڕەشەی خۆپێشاندانی سەرتاسەری و بەردەوامیدان بە بایکۆت دەکەن.
ئەم دۆخە دوو پەیامی هەیە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لایەوە گرنگ نییە کە ژیانی مامۆستایان وەک گرنگترین توێژی کۆمەڵگە چۆن دەبێت و تەنیا پلانی بۆ گیرفانی بەرپرسانی پارتی لە حکومەتدا هەیە.
پەیامی دووەمیش ئەوەیە کە کەلێنێکی گەورە کەوتووەتە نێوان خەڵک و حکومەت و ئەوەیە کە مامۆستایان گوێ بە قسەکانی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکەی نادەن و هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن و بڕیارە بە خۆپێشاندانێکی گەورە لە سلێمانی ئەوە بڵێن متمانەیان بە حکومەتە خۆڕاگرەکە نییە و تا وەرگرتنی مافەکانیان لە بایکۆت بەردەوام دەبن.