لە شۆڕشی ستەملێکراوان بترسن

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕایگەیاندووە کە دڵخۆش مەبن و بترسن لە شۆڕشی ستەملێکراوان.

یوسف محەمەد سەبارەت بە ئازادکردنی ئیدریسی نانەوا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی پارتییەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو هاونیشتمانییە پەشیمان کرابێتەوە یان پەشیمان بووەتەوە لە قسەکانی، بەڵام قسەی ناخی هەزاران هاووڵاتی ئەم هەرێمەی کرد لەو هەموو بارگرانییەی بۆ ژیانیان درووست کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو هەموو باج و سەرانە و ڕسوماتە نایاساییەی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم لە خەڵکی وەردەگرێت و چارەنووسیشی دیار نییە، پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆران کە هەر تەنیا کاریگەریی لە سەر ئەوان نییە بەڵکوو کاریگەریی لە سەر بازاڕەکانیش داناوە، بووەتە هۆکاری توڕەیی خەڵک لە دەسەڵات.

ڕاشیگەیاندووە کە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەری قەیران و کێشە ئابوری و سیاسییەکان بێهیوایی و ڕق و توڕەییەکی ئێجگار گەورەی لای خەڵک درووست کردووە کە لە داهاتوودا وەک بورکانێک بە سەر دەسەڵاتداران دەتەقێتەوە.