لە سەر وەهاب هەڵەبجەیی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بووەتەوە شەلەم شۆربا
لە سەر دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف، پارتی لە ڕێگەی پەیوەندییە عەرەبییەکانیەوە، دۆسیەکەی بردووەتە کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و لەوێشەوە فەرمانی گرتن بۆ وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی دژە تیرۆری یەکێتی دەرکردووە کە لە وڵاتانی عەرەبیدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها داواکاری گشتی هەرێم دیسانەوە فەرمانی گرتنی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی دەرکردەوە و داوای ڕادەستکردنی کردووە.
ئەم هەنگاوانەی پارتی کە وەک کارتێکی فشارە لە دژی یەکێتی بە تایبەت لەم کاتەدا کە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی عێراق بەرەو پەسەندکردن دەڕوات، زیاتر یەکێتی و بافڵ تاڵەبانیی توڕە کردووە و لە کۆبوونەوەکەی بەغدا لە گەڵ شاندەکەی پارتی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە دەستبردن بۆ هەندێک دۆسیە و یاریکردن بەوانەوە کاردانەوەی توندی یەکێتی بە دواوە دەبێت و پارتی دەبێت لەمە ئاگادار بێت.