لە سایەی حکومەتە بێ بەڵێنەکەدا بایکۆت دێتەوە

مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بایکۆت دەکەن و ڕایانگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم هیچ یەک لە بەڵێنەکانی بۆ باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان جێبەجێ نەکردووە.

مامۆستایانی ناڕازی لەم ساڵانەدا بوونەتە توێژێکی کاریگەری ناو کۆمەڵگەی کوردی و بە ناڕەزایەتی و بایکۆتی خۆیان عەرشی دەسەڵاتی کوردییان هێناوەتە لەرزین.

ئەوان ڕایانگەیاندووە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان داماڵراوە لە هەموو بەهایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی و ویژدانی و ئەخلاقی و دەسەڵاتێکە کە باکی بۆ هیچ ڕەهەندێکی ژیانی خەڵک نییە.

لە ڕوانگەی مامۆستایانی ناڕازییەوە، بەردەوامی دەسەڵاتی کوردی بۆ وردوخاشکردنی ژیان، شکۆ، ئایین، بژێوی، پەروەردە، مرۆڤبوون، بیرکردنەوە و هۆشیاری، تەندرووستی، زمان و خۆشگوزەرانی خەڵکە.

مامۆستایانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە کە جارێکی دیکە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.