لە زیندانەکانی پارتیدا چی ڕوو دەدات؟

برایەکی شێروان شێروانی چەند نهێنییەکی ناوبراوی لە زیندانەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستاندا ئاشکرا کردووە.

بارزان شێروانی برای شێروان شێروانی کە یەکێکە لە زیندانییەکانی بادینان، لە پەیامێکدا بە ناونیشانی تا ئەمڕۆش شەڕی دەروونی لە گەڵ شێروان شێروانی و گوهدار زێباری بەردەوامە، ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی سەردانیکردنی زیندانیانی بادینان لە جەژندا پاسەوانی تایبەتیان بۆ دانابوون بۆ ئەوەی یەکتر نەبینن و سڵاو لە یەکتر نەکەن.

بارزان شێروانی لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە دوێنێش ڕۆیشتن بۆ لای شێروان شێروانی بۆ ئەوەی جەژنە پیرۆزەی لێبکەین، لەوێ گوهدارمان بینی هات بۆ لای براکەی تەنیا بە سڵاوێک جەژنە پیرۆزە لە شێروان بکات، گوهداریان گواستەوە بۆ هۆڵێکی دیکە، شێروان پرسیاریکرد و وتی کە بە چ یاسایەک دەتوانن ئەو کارە بکەن، وەڵامیان دایەوە بە یاسای خۆمان ناهێڵین چاوتان بە یەکتر بکەوێت.

دۆسیەی گیراوانی بادینان یەکێکە لە دەیان پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە لایەن مەسرور بارزانی و کابینە پۆلیسییەکەی لە هەرێمی کوردستان، ئەو دۆسیەی کە زیانێکی زۆری لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، تەنانەت ئەو ئەمریکایەش بارزانییەکان بە هاوپەیمانی ناو دەبەن تا ئێستا بە چەندین ڕاپۆرت سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی بارزانییەکانی کردووە.