لە درووستکردنی دەوڵەتەوە بۆ 700 ملیار دیناری قەرز!

بەهرۆز حاجی لەبوودجەیەکی مانگانەی زەبەلاحی شایستەوە،بۆ 700 ملیار دینار بەقەرز.لە ڕۆڵی سەرەکی بنیاتنانی عێراقەوە، لەدەستەی نوسەرانی دەستوورەوە،لە ڕۆڵی بەکارهێنانی ڤیتۆ لەدانانی سەرۆک وەزیر و وەزیرەوە لەبەرانبەر کۆی هێزە عێراقیەکانەوە، ئێستابەشەرم و کزۆڵیەوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەکوردی نەک بەعەرەبی، یەک مانگی ڕەبەق بە نیودەرزەن ڕاوێژکاری ئابووری و وەزیر و وتەبێژەوە باس لەهاتنی بڕێک پارە بەقەرز نەک بەشایستەیی،دەکەن و ئینجاش ڕاست دەرناچێت و بەتۆنێکی ئێجگار نزمەوە بەمافی ڕەوای مووچەخۆر و خەڵکی کوردستانی دەزانن.

دۆخی ناخۆیی هەرێمیش لەوپەڕی شکستی خۆیدایە،بەجۆرێک کەسی پەیوەندار لەحکومەت هیچ بەرپرسیارەتییەک لەئەستۆی خۆیدا نابینێت،شەرم دایان ناگرێت! ئەم هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی لەلایەن دەسڵاتدارانی هەرێمەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی حوکمڕانی خرابترو سێکتەرەکانی پەیوەست بەژیانی هاوڵاتیش،بەرەوپوکانەوەی زیاتر دەبات.

پێویستی هەنووکەیی لەم ساتەدا،گومان هەڵناگرێت،کە گەل لەنزیکترین ساتدا بەئەرکی بەپرسیارێتی خۆی دەزانێت،بەگژداچونێکی مەدەنیانە بگرێتەبەرو مێژوو تۆماربکات،لەبەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانێکی،وەهای نەبیست و بێ گوێ،ڕەنگبێ ئەوەی ڕێگەی گۆڕانکارییەکە لەم خراپییەی ئێستاوە بەرەو باشتر ببات،تاکە بژاردە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمەکەبێت بۆ نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقیینەی خەڵک و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە سی و دوو ساڵییەکە بەو فیلتەری هەڵبژاردن و دەنگدانەی چەند مانگی داهاتوو کەلەپێشی خەڵکە تێپەڕێت و بەس.