لە بانگەشەی خۆڕاگرییەوە بۆ پاڕانەوە لە ئەمریکا

لە کاتێکدا میدیا و لەشکری سۆشیاڵ میدیای سەر بە مەسرور بارزانی، بانگەشەی سەرۆک وەزیرانێکی خۆڕاگری بۆ دەکەن و دەڵێن بە حیکمەت و سیاسەتی ئەو کوردستان لە قەیران و نەهامەتییەکان ڕزگار دەبێت، ئێستا بە هۆی شکستی سیاسەتەکانیەوە مەسرور بارزانی پەنای بۆ پاڕانەوە لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بردووە کە ئەویش وەڵامی نەداوەتەوە.

ئەو پرسیارەی لای خەڵکی کوردستان درووست بووە، ئەوەیە کە بۆ مەسرور بارزانی هانای بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بردووە؟ بۆ شکستی کابینەکەی ڕاگەیاند؟ بۆ لەبری لایەنە کوردییەکان هانای بۆ دەرەوە بردووە؟

لە بانگەشەی سەرۆک وەزیرانێکی خۆڕاگرەوە بۆ پاڕانەوە لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و مەترسی ئاشبەتاڵێکی دیکە بووەتە باسی گەرمی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان.

باس باسی نامەکەی مەسرور بارزانییە بۆ جۆبایدن کە پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ئاشکرای کردووە. نامەیەک پڕ لە پاڕانەوە کە داوایکردووە بایدن لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە دەستوەردان بکات و ڕایگەیاندووە کە خوێن لە جەستەمان دەچۆڕێت.

زیاتر لە 10 ڕۆژ بە سەر نامەکەدا تێپەڕ بووە و بایدن و ئیدارەی کۆشکی سپی وەڵامی نامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان نەداوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کورد هاوپەیمانی ئەمریکایە.

نامەت بۆ دەنووسم بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە

تەنانەت پارتییەکانیش خۆیان پێ ڕانەگیراوە و بە بۆنەی نامە پڕە لە پاڕانەوەکەی سەرۆک وەزیرانە خۆڕاگرەکەوە ڕەخنەیان گرتووە.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە نیگەرانە و مەترسی هەڕەسهێنانی هەرێم و قەوارەکەی لە ئارادایە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی نامەکەی بارزانی هەرایەکی گەورەی لە میدیا سۆشیاڵ میدیای کوردیدا ناوەتەوە و بەشێک لە هاووڵاتیان بەراوردی ناوەڕۆکی نامەکە و ئەو هەڵمەتە میدیاییە دەکەن کە بۆ مەسرور بارزانی دەکرا و بە سەرۆک وەزیرانێکی خۆڕاگر ناویان دەبرد. لە سەرۆک وەزیرانێکی خۆڕاگرەوە بۆ پاڕانەوە لە ئەمریکا بووەتە وێردی سەر زمانی خەڵک. سەرۆک وەزیرانێک کە نەک تەنیا کێشەکانی بۆ چارەسەر نەکرا بەڵکوو لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەودا دەیان نەهامەتی و قەیران ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.