لێدوانەکەی عەلی عەونی و سواڵەکەی حکومەتی هەرێم

عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە بە جنێوفرۆشەکەی ئەو حیزبە ناسراوە، ڕایگەیاندووە کە دەمانەوێت ئەزموونی پێشکەوتووی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بگوازینەوە.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە پێشکەوتن لە ڕوانگەی عەلی عەونی و حیزبەکەیەوە چ واتایەکی هەیە؟

کارەبای نیوەچڵ، نەبوونی ئاوی تەندرووست و تەنکی سەربانەکان، نەبوونی سووتەمەنی و دابەشکردنی بەرمیلە نەوتێک بە 120 هەزار بەرمیل، کەرتی تەندرووستی پشتگوێخراو، کەرتی پەروەردەی پەکخراو، هێزی ئەمنی و هەواڵگری و سەربازی حیزبی و بنەماڵەیی و تەنانەت کەسی، هاوردەی تەواوی پێداویستییەکان، شەڕ و کوشتن و ڕفاندن و سەرانەوەرگرتن، بوونی هەرێم بە شوێنی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، ململانێ سیاسییە بەردەوامەکان و دەیان نموونەی دیکە کە ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دەبینرێت. ئەمە دیمەنی ڕاستەقینەی هەرێمەکەی شوێن دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە. ئەگەر دەتوانن حاشا لەم هەموو کێشە و قەیرانە بکەن.

عەلی عەونی لە کاتێکدا شەکری شکاندووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی خەڵکی هەرێم بەرەو خەراپتربوون دەڕوات، بە جۆرێک کە لە ناوەڕاستی مانگی 11 دا هێشتا فەرمانبەران مووچەی مانگی 8 یان بە تەواوی وەرنەگرتووە.

هەروەها بە هۆی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە کەرتی پەروەردە لە چەندین شار و شارۆچکەی هەرێم پەکی کەوتووە، مامۆستایانی وانەبێژ بە هۆی دانەمەرزاندنیانەوە چەندین مانگە سەرقاڵی گردبوونەوە و خۆپێشاندانن و تا ئێستاش حکومەتی هەرێم وەڵامی داواکارییەکانی ئەوانی نەداوەتەوە.

هاوکات چەندین ساڵە زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان ڕاگیراون و چەندین پرۆژەی دیکەش تەنیا بەردی بناغەیان دانراوە و بە جێهێڵراون و حکومەتە خۆڕاگرەکە چەندین جۆرە باج و ڕسوماتی بە سەر هاووڵاتیاندا سەپاندووە و بوونەتە بارگرانییەکی زۆر بە سەر ئەوانەوە.

هەروەها عەلی عەونی لە کاتێکدا ئەم لێدوانەی داوە کە حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەردەوام لە هەوڵی پاڕانەوە و سواڵکردندایە لە بەغدا.