لای پەدەکە هەموو ڕۆژێک ٣١ـی ئابە و ڕۆژانە خیانەت نوێدەکاتەوە

بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ـی ئابی ١٩٩٦ پەدەکە بێشەرمانە دەستی دیکتاتۆرترین و بکوژترین دەسەڵاتى سەردەمی گرت و هێنایە ناو هەولێرەوە، سەربازانی بەعس و چەکدارەکانى پەدەکە دەست لەناو دەست شەقام و کۆڵانەکانى شارەکەیان خەڵتانى خوێن کرد و ئەوەى لە خۆیان نەبوو گرتیان و کوشتیان و زیندانیان کرد.

لە ڕۆژی ئەو خیانەتەدا ١٥٠ تانک و ٣٠ هەزار سەربازی ڕژێمی بەعسی عێراقی لە موسڵ و کەرکووکەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن، لەناو هەولێر لەگەڵ چەکدارەکانى بارزانى یەکیانگرت و ئەوەى لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییەوە دوورە ئەوان دژ بە گەل و نەتەوەی خۆی کردییان و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان بەهۆی ئەو خیانەتەوە نزیکەى ٣٠ هەزار قوربانی لێکەوتەوە.

خیانەتى بارزانى بە نامەیەکی بۆ سەدام دەستی پێکرد و داوای کرد فەرمان بە سوپای عێراق بکات هەولێر داگیربکات.

بارزانی لە ڕۆژی ٣١ـی ئابی ١٩٩٦ـدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: “ئێمە کوردین و عێراقین، ڕەنگە لە نێوان ئێمە و عێراقدا هەندێک ناکۆکی زۆر بچووک هەبێت، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەرە گەورەمان پاراستنی خاکی عێراقە.”

ئامانجی بارزانى و بەعس لەو خیانەتە مێژووییە ئەوە بوو کە یەنەکە بەتەواوی بسڕنەوە و باشووری کوردستان کە بە خوێن ڕزگار کرابوو بداتەوە دەست ڕژێمی سەدام، ئەمە پەڵەیەکی ڕەشی لە مێژووی کوردستاندا تۆمارکرد، کە وەک یەکێک لە ڕەشترین خاڵەکانی مێژووی کورد لە قەڵەم دەدرێت.

ئەم خیانەتە کە کۆمەڵکوژییەکى گەورەی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا بوو هێشتا خەڵکى باشووری کوردستان برینەکانی ساڕێژ نەببوو کە لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە و بە دیاریکراویش لە ساڵی ١٩٨٨ و ١٩٩١ بەهۆی شاڵاوەکانى ئەنفال و کیمباران و ڕاپەڕینی ١٩٩١ تووشی ببوو، بەڵام بارزانى ئەوەندەی دیکە خوێی بەو برینانەدا کرد و زامێکی قوڵ و نەبڕاوەی لەسەر دڵ و جەستەی هەموو گەلی کورد درووست کرد.

ئەوەى برینی ئەو خیانەتە ساڕێژ ناکات و لەبیر کوردی ناباتەوە، یەکەمیان شانازیکردنى ماڵی بارزانى و پەدەکەیە بەوەى لە ٣١ـی ئابدا کردیان، دووەمیان بەردەوام بوونە لەسەر هەمان هێڵی خیانەت.

٣١ـی ئاب خیانەتێکی بەردەوام

دوای ١٨ ساڵ لە خیانەتی ٣١ـی ئاب و هەر لەم مانگەدا بوو پەدەکە لە ٣ـی ئابى ٢٠١٤ خیانەتی لە ئێزدییەکانى شنگال کرد و ١٢ هەزار پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانى تر هەر وا بە ئاسانى و بەڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتى تورکدا شنگالیان بۆ داعش جێهێشت، هەر ئەوەشنا، بەڵکو ڕێگرییان لە خەڵکی شنگال کرد بڕۆنە دەرەوە و بچنە سەر چیای شنگال، لە ئەندامی ئەو ڕێگرییەى چەکدارەکانى پەدەکە بە هەزاران کەس کوژران و زیاتر لە شەش هەزار ژن و کچی ئێزدیان ڕفاند.

بەدەر لەو دوو خیانەتە مێژووییە، پەدەکە ئێستا دەستى سوپای داگیرکەری تورکی گرتووە و هێناویەتییە ناو قوڵایی خاکی هەرێم، خۆی ڕێگاوبانی بۆ ڕادەکێشێت و بنکە و بارەگای بۆ دروست دەکات، کارەبا و گاز و بەنزین بۆ ئۆتۆمبێل و تانکە سەربازییەکان و بنکە و بارەگاکانى دەوڵەتى تورک دابین کردووە و خۆراک و پێداویستییەکانى ڕۆژانەشیان بۆ دەستەبەر دەکات، هەموو ئەمانە بە پارەى نەوتى هەرێم کە داهات و سامانى ئەم گەلەیە.

پەدەکە هەر بەوەش نەوەستاوە ڕۆژانە سیخوڕی و جاسووسی بۆ دەوڵەتی تورک و میت و سوپاکەی دەکات، بە زانیاریی و سیخوڕییەکانى پاراستنى پەدەکەیە هاوڵاتییان و ئازادییخوازان و ڕۆژنامەنووسان شەهید دەکات، هەر پاراستنى پەدەکەیە سیخوڕی بەسەر پەکەکە و یەنەکە و لایەنەکانى دیکەوە دەکات، ڕاپۆرتە هەڵە و چەواشەکارییەکانى پەدەکەیە سلێمانی و فڕۆکەخانەکەی خستووەتە ژێر گەمارۆوە.

چیرۆکی خیانەتە بەردەوامەکانى پەدەکە شتێک نییە لە ٣١ـی ئاب کۆتایی هاتبێت، بەڵکو ئێستا ڕۆژانە لە زاپەوە تا پێنجوێن و لە ئامێدییەوە تا کەلار و لە قەڵادزێوە تا عەفرین و قامیشلۆ و کۆبانی درێژ بووەتەوە و بەردەوامە.