لاوانی هەرێم لە ئاودا دەخنکێن و بەرپرسان و منداڵەکانیان شاهانە دەژین

60 کۆچبەر لە ئاوی ئیتاڵیا خنکان کە 35 کوردیان تێدایە و زۆربەیان بە هۆی نالەباری ژیان لە هەرێمی کوردستان هەڵاتوون.

بەھۆی ژێرئاکەوتنی بەلەمێک کە 70 کۆچبەری ھەڵگرتبوو لە ئاوەکانی ئیتاڵیا 60 کۆچبەریان خنکان کە 35 یان کوردن.

رەنج پشدەری رۆژنامەنوس و چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی رابردوو 70 کۆچبەر لە دوورگەی بۆدروم لە تورکیا بەرەو یۆنان بەرێککەوتن، لە ڕۆژی سێشەممە ئەو کۆچبەرانە شوێنی جوگرافی بەلەمەکەیان بڵاوکردەوە کە بەسەلامەتی ئاوی یۆنانیان تێپەڕاندووە.

وتیشی، بەڵام دوای ئەوە بەلەمەکە دیار نەماوە و رۆژی پێنج شەممە دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی ئیتاڵیا، دەرکەوتووە کە بەلەمەکەیان نوقوم بووە، لە ئەنجامدا 60 کەسیان خنکاون.

رەنج پشدەری ڕاشیگەیاند، لەو ژمارەیە 35 کۆچبەریان کوردن.

ئاوارەیی و کۆچی لاوانی کورد لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی ئابووری و هەڵاواردنەوە لە کاتێکدایە کە ئەم هەرێمە بە هۆی گەندەڵی بەرپرسانەوە بۆتە بەهەشتی گەندەڵکاران.