لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لاوازبوونی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن بوو

سۆران عومەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: خەونی ئیمتیازات و چوونە حکومەت و دەستگرتن بەم حکومەتە، بزووتنەوەی گۆڕانی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئێستا.

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی توندی لە بزووتنەوەی گۆڕان گرت و دەڵێت :بزووتنەوەی گۆڕان بەداخەوە وایلێهات، لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لاوازبوونی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن بوو”.

“من پێموایە ئەو دیدگایەی کاک نەوشیروان بەڕەحمەت بێت بۆ ئۆپۆزسیۆن هەیبوو لەگەڵ خۆی بردی، لە پاش خۆی کە جێماوە، خەونی ئیمتیازات و چوونە حکومەت و دەستگرتن بەم حکومەتەی بەمجۆرەیە، بزووتنەوەی گۆڕانی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئێستا کە بێهیوایی خەڵک و بێهیوایی لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئۆپۆزسیۆن بەرهەمهێنا، کە ئەم بێهیواییە کاریگەرییەکەی کەوتە سەر هەموو ئۆپۆزسیۆن”.

“من پێموانییە بە دوو مانگ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەوەی کە گۆڕان بیەوێت لەو حکومەتەدا بەشدار بێت و جارێکی دیکە دەنگ بهێنێتەوە”.

ئەگەر ئێستا داوای دەنگ لە خەڵک دەکەیت بەم نمونەیە داوای دەنگ لە خەڵک دەکەیت کە وەزیرەکانت پێشکەشی دەکەن یان بە چی؟ خەڵک پێت دەڵێت تۆ وەزیری داراییت هەبووە و ئەوە دۆخی داراییە، وەزیری دارایی تۆ لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت زیاتر بەرگری لەو حکومەتە کردووە، نەک لە من، چۆن دەنگت دەداتێ؟”.