لاهور شێخ جەنگی شکستی هێنا

هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە زۆر هەوڵیدا خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بهێڵێتەوە و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی لە کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەم هەستانەوەی خۆی دانابوو، دوا جار لە بڕیاری پێکهێنانی لیستی هەڵبژاردن پاشگەز بوویەوە و ئەو خەونەی بۆ نەچووە سەر.

لاهور شێخ جەنگی لە پێکهێنانی لیستی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان پاشگەز بووەتەوە. نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لاهور شێخ جەنگی سەردانی زۆرینەی لایەنەکانی کرد و پرۆژەی لیستی نیشتمانیی بە ناونیشانی هاوپەیمانی گەل بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک خستە بەردەم سەرکردەی ئەو لایەنانە.

بەڵام هیچ یەک لە لایەنە سیاسییەکان وەک پێویست وەڵامی پرۆژەکەی ناوبراویان نەدایەوە. لاهور شێخ جەنگی پێشتر بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو کە ئەم هەڵبژاردنانە بۆ کەرکوک زۆر گرنگە و هیوادارم لایەنەکان پرۆژەکە قبووڵ بکەن و کورد لە کەرکوک بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.

پاش ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی بێهیوا بوو لایەنەکان لەو هاوپەیمانییەدا کۆبکاتەوە، بڕیاری ئەوەیدا کە بە سەربەخۆ لیست پێک نەهێنێت. سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هۆکاری پاشگەزبوونەوە لە لیستی سەربەخۆ ئەوەیە کە نایانەوێت دەنگی کورد لە کەرکوک لەمە زیاتر دابەش بکرێت.

بە خوێندنەوەی کات و شوێنی بڕیارەکەی لاهور شێخ جەنگی، چەند هۆکارێک کاریگەرییان لە دەرکردنی بڕیارەکەی ئەودا هەبووە:

یەکەم: بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە وەک یەکەم تاقیکردنەوەیە بۆ لاهور شێخ جەنگی، جۆرێک لە ڕیسک و سەرکێشی تێدایە کە ئەگەر دەنگی پێویست نەهێنێت ئەوا قورس لە سەری دەکەوێت و کاریگەری گەورە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان جێ دێڵێت کە لاهور شێخ جەنگی یەکێک لە بژاردەکانی پێکهێنانی لیستی سەربەخۆیە بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، هەر بۆیە نایەوێت لە کەرکوک هێزی خۆی تاقیبکاتەوە.

دووەم: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی بە سەربەخۆ لە کەرکوک لیست پێک بێنێت مانای ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نامێنێت کە تا ئێستاش خۆی وەک هاوسەرۆکی ئەو حیزبە دەناسێنێت و هێشتاش هیوای گەڕانەوەی لە دەست نەداوە.

سێهەم: بۆچوونێکی دیکەی هەیە کە دەڵێت لە بنەڕەتدا لاهور شێخ جەنگی نەیویستووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کەرکوکدا بکات و بابەتی پێکهێنانی لیستی هاوبەش تەنیا بۆ درووستکردنی فشار لە سەر سەرکردایەتی ئەو حیزبە بووە.

هەر چۆنێک بێت لاهور شێخ جەنگی خۆی بۆ شەڕە گەورەکە ئامادە دەکات کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت و ئەگەر دەرگاکانی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی بە ڕوودا دابخرێت بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا دەکات.