قەیرانە بێ کۆتاییەکەی مووچە لە هەرێمی کوردستان

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆیی بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە دەربڕیوە. پرسیار ئەوەیە کە ئایا سودانی کێشەکەی لە خۆی دوورخستووەتەوە یان دەسپێکی قۆناغێکی نوێیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؟

نووسراوەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ پەرلەمانی عێراق و نیشاندانی ئامادەیی بۆ دابەشکردنی مووچە بە شێوازی ڕاستەوخۆ کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە بڕوای چاودێرانیش سەرەڕای کێشەکانی بەردەم هەنگاوەکە، نیشاندانی ئامادەیی لە لایەن حکومەتی بەغداوە هەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگە تا پرۆسەکە بگاتە ئەنجام.

لە گرنگترینی ئەو کێشانەی کە لە بەردەم ئەم هەنگاوەدان، دەتوانین ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکەین:

سودانی ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق ئامادەیە لە پشکی هەریم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مووچە بدات، واتە لەو بەشە دەبڕن کە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، تا ئێستاش کێشە لە بەشە بودجەی هەرێمدا هەیە، کێشەیەکی دیکەش ئەوەیە کە دابینکردنی پشکی هەرێم بەندە بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییەوە سەبارەت بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆیی.

پشکی بودجەی هەرێم بەندە بە خەرجی فیعلی و لە سەدا کەمتر لە 13 یە و ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە و بەشی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناکات.

جیاوازی ژمارەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بووەتە کێشەیەکی گەورە، بەغدا ئامادەیە مووچەی 670 هەزار مووچەخۆری مەدەنی بدات بەڵام حکومەتی هەرێم ژمارەی یەک ملیۆن و 170 هەزار مووچەخۆری داوەتە بەغدا.

دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە لایەن حکومەتی بەغداوە پێویستی بە دەنگی زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەیە تا لە هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی ئەم وڵاتەدا بۆ ساڵی داهاتوو جێگیر بکرێت و ئەمەش پابەندییەکی زیاتری دارایی دەخاتە ئەستۆی بەغدا و پەرلەمانتارە عەرەبەکان بەمە ڕازی نابن. پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووی زستانە و بەمەش تا مانگێکی دیکە واتە سەرەتای ساڵی نوێ هیچ هەوڵێک بۆ مووچەخۆرانی هەرێم سەر ناگرێت، پاش دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پەرلەمان چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکان دوو مانگ کاتی بوێت.

ئەگەر ئەم بەرنامەی حکومەتی هەرێم سەر بگرێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانن چەکی مووچە لە دژی مووچەخۆران بەکار بێنن و لە پەنای مووچەخۆرانی ڕاستەقینەدا مووچەی گەندەڵی و بندیوار وەربگرن. مەسرور بارزانی و پارتیش ڕایانگەیاندووە کە دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە لایەن بەغداوە بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

بەم حاڵەوە نە پارتی و بارزانییەکان موڵەتی سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەدەن و نە پابەندیش دەبن بەوەی لە ڕێکەوتنەکانی هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە. هاوکات پەرلەمانتارە عەرەبەکانیش بە ئاسانی ڕازی نابن بەغدا بێ پابەندبوونی هەرێم مووچە بۆ مووچەخۆرانی کورد بنێرێت. بەمەشەوە دەبێت مووچەخۆران بە دەست ئەم کێشە و قەیرانە بۆ ماوەیەکی نادیاری دیکە بناڵێنن.