قەیرانێکی بێ کۆتایی

ساڵە هەریمی کوردستان نەیتوانیوە قەیرانی کارەبا چارەسەر بکات. 9 کابینەی حکومەتی هەرێم گۆڕدراوە کەچی یەک کاتژمێر بە کارەبای نیشتمانی زیاد نەکراوە و ئەگەر موەلیدەکان نەبن حکومەت زۆر دەمێکە لە کەرتی کارەبادا ڕوبەڕوی هەڵمەتی جەماوەریی خەڵک دەبوویەوە.

دۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەبەرهێنانی کارەباوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەراپتر دەبێت. بەراورد بە ساڵی 1992 تا ئێستا هیچ لە دۆخی کارەبا نەگۆڕاوە و تەنانەت خەراپتریش بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی داهات و سەرچاوەی وزەوە توانایەکی باشی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە هەبووە.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا مەسرور بارزانی چەند جارێک بەشدار بووە لە کردنەوەی وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا، بەڵام سەرباری ئەوەش دۆخەکە هیچ باشتر نەبووە. وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە کە خواست لە سەر کارەبا بۆ 7 هەزار مێگاوات بەرز بووەتەوە بەڵام توانای وەبەرهێنان لە نیوەی ئەوەش کەمترە.

ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە موەلیدە ئەهلییەکان کارەبای خۆیان دابین دەکەن، موەلیدەکانیش لە پاش کاتژمێری یەکی شەو ئامادە نین کارەبا بە خەڵک بدەن. پێوەری زیرەکیش ئەو پرۆژەیە بوو کە حکومەت شانازی پێوە دەکرد تا کارەبا بکاتە 24 کاتژمێری و بەهەدەرچوونی کارەبا لەو ڕێگەیەوە کەم دەکاتەوە. بەڵام ئەو پرۆژەیەش نەک نەیتوانیوە ڕێژەی پێدانی کارەبا زیاد بکات بەڵکوو نزیکیشکردووەتەوە لە سفر.

لە هەرێمی کوردستان سێ وێستگەی وەبەرهێنەری کارەبا هەیە کە حکومەت ئامادە نییە سووتەمەنییان بۆ دابین بکات و کارەباکەیان لێ بکڕێت، ئەوانیش بە ناچار کارەباکەیان دەفرۆشنە حکومەتی عێراق. وێستگەکانیش لە لایەن کۆمپانیای ماس لە شارەکانی چەمچەماڵ، هەولێر و دهۆک کراونەتەوە. حکومەتی هەرێم زیاتر لە 5 ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیای ماسە و ئامادە نەبووە کە کارەباکەشئ بکڕێتەوە. کۆمپانیای ماس بە ناچاری لە گەڵ حکومەتی عێراق ڕێکەوتنی فرۆشتنی کارەبای واژۆ کردووە.

ئەگەر حکومەتی هەرێم ئامادە بێت سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەبا دابین بکات و شایستە داراییەکانیان بداتەوە، دەتوانن کارەبای تەواو بۆ هەرێم دابین بکەن بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بە هۆی گەندەڵییەوە حکومەت پارەی ئەو کۆمپانیایە ناداتەوە و لە ڕاستیدا نایەوێت قەیرانی دەیان ساڵەی کارەبای خەڵک چارەسەر بکرێت.