قەیرانی کارەبا بەڕێوەیە

بە درێژایی 33 ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی کوردی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کۆتایی بە قەیرانی کارەبا بێنێت. حکومەتە خۆماڵییەکە لە دابینکردنی کارەبای پێویستی سێ پارێزگا شکستی هێناوە.

لە هەرێمی کوردستان قەیرانی وزە بەردەوام بینراوە. حکومەت بە هاویندا کارەبای نییە و لە زستاندا نەوتی نییە. غازی ماڵانیش کەم بووەتەوە و نرخەکەشی گران بووە.

بۆ هاوینی ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکرێت کەمی کارەبا دیسانەوە بەرۆکی خەڵک بگرێتەوە.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان، خەبات و ماس کەمیکردووە. هەروەها وەزارەتی کارەبا لە چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش دواکەوتووە و هیچ هەنگاوێکی کاریگەر لەو بوارەدا بەدی نەکراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دابەشکردنی کارەباش جیاوازی زۆری لە نێوان پارێزگاکاندا کردووە و هەولێر و دهۆک وەک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانییەکان بەراورد بە سلێمانی و هەڵەبجە ڕێژەیەکی زیاتر کارەبایان بۆ تەرخان کراوە.

ئەمەیە دۆخی حوکمڕانی کوردی کە لەم سەردەمەی پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیادا ناتوانێت کارەبای سێ پارێازگا و نیمچە پارێزگای هەڵەبجەش دابین بکات.