قەیرانی بەنزین لە کوردستان ڕوو دەدات

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیرانێکی دیکە بووەتەوە و ئەویش کەمبوونی بەنزینە و بۆ ئەمەش هانی بازرگانانی داوە لە وڵاتانی دراوسێوە بەنزین هاوردە بکەن.

بەکارهێنانی بەنزین لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆییش بەراورد بە ڕێژەی بەکارهێنان زۆر کەمە، حکومەتی بەغدا ڕازی نەبووە بە داواکارییەکەی حکومەتی هەرێم و ئەو بڕە بەنزینەی کە داوا کراوە ڕەزامەندیی لە سەر نەدراوە.

پلانێک پێشنیار کراوە و ئەویش پێدانی بەنزینە بە شێوازی پشکی مانگانە و بۆ نموونە هەر شۆفێرێک مانگانە بڕە بەنزینێکی دیاریکراوی هەیە و دەتوانێت بەو نرخەی جاران بەکاری بێنێت، لەوەش زیاتر بەنزینی بە دوو یان سێ هێندە زیاتر پێدەدرێت. حکومەت ناتوانێت ئەم قەیرانە کۆنتڕۆڵ بکات، نە بەنزینی هەیە بە خەڵکی بدات و نە ئەو ژێرخانە ئەلیکترۆنییەشی هەیە کە بتوانێت بە ئاسانی و لەو ڕێگەیەوە لە نێوان شۆفێراندا دابەشی بکات.