قەوارەی هەرێم هەڕەشەی لە سەر نییە، هەڕەشەکە ناوخۆییە
ڕاستییەکە پێچەوانەی ئەمەیە، هەڕەشەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، کێشە لای بەغدا نییە و ئەگەر سیاسەتی چەوت و خۆسەپاندنی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەبێت بەغدا مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان بە باشترین شێواز ڕەوانە دەکات، بەڵام کاتێک نەوت و داهاتی هەرێم لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی بەکار دێت، بەغدا چۆن و بە چ شێوازێک مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، دڵنیایی ئەوەش هەیە کە ئەم ڕێکەوتنەی بودجەی سێ ساڵەی عێراقیش لای حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ ناکرێت و دیسانەوە پشکی بودجە و مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ڕەوانە ناکرێت و ئەوەش زەرەرمەند دەبێت هەر خەڵکە.
وەک چۆن کە ئاماژە درا، کێشەکانی هەرێمی کوردستان ناوخۆییە، لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی ناتەبان و بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی وایکردووە بەردەوام لە شەڕە هەوڵوێست و میدیاییدا بن و دوا جاریش وەک خۆیان دەڵێن هەر دەبێت پێکەوە بن و بەدیلیان نییە.
کێشەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، لە بەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ کات مافی ئەوە بە خەڵک نادەن کە کەسانی دیکە هەڵبژێرن و دەستاودەستی دەسەڵات هیچ کات ڕوو نادات. خەڵک بە باشترین شێواز و بە ڕوونی ئەو پەیامەیان بە دەسەڵاتداران داوە کە ئەوانیان ناوێت.
دوایین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق کە لە تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو، ئەو پەیامەی گەیاندە پارتی و یەکێتی، لەو هەڵبژاردنانەدا خەڵک بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشدارییان کرد، لە پارێزگاکانی هەرێم لە سەدا 70 ی خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، دەنگەکانی پارتی و یەکێتی بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزی.
پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی هەرێم تەنیا لە سەدا 16 ی دەنگەکانی بە دەست هێنا، بە واتایەکی دیکە لە سەدا 86 ی خەڵکی کوردستان پارتییان بە لاوە پەسەند نەبووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش تەنیا لە سەدا 6 ی دەنگەکانی هەبووە و ئەمەش ڕوونیدەکاتەوە کە لە سەدا 94 ی خەڵکیش ئەویان ناوێت، ئەم ئامارانە بەڵگەی زۆر ڕوون و گرنگن کە خەڵک گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی دەوێت.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کە ئەم ڕاستییە بشارنەوە، بەردەوام بەغدا بە تۆمەتبار و خۆیان بە ڕاست و درووست ناو دەبەن، ئەمە ڕاستییەکەیە کە زوڵم و نادادپەروەری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، خەڵک ئەگەر بڕژێنە سەر شەقامەکان، سەرکوت دەکرێن و دەکوژرێن، ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا پەیامی خۆیان دەگەێنن کە ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت، ئۆپۆزسیۆنیش نییە کە شوێنیان بگرێتەوە، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕانە کە دۆڕاوە و جوڵانەوەی نەوەی نوێش حیزبێکی بنەماڵەیی و فەیسبووکییە و داهاتوویەکی نییە، هەرچەندە بە هەر ئامرازێک بێت لە ئێستادا تا ڕادەیەک دەنگی کۆکردووەتەوە.