قەرزفرۆشی ڕووی لە دوکاندارانی هەرێمی کوردستان کردووە

بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بەشێکی زۆری دوکاندار و کاسبکارەکان خۆراک و ماددە خۆراکییەکانیان بە شێوەی قەرز بە موشتەریەکانیان دەفرۆشن و وەک خۆیان دەڵێن، بەشێکی زۆر لەوانەی لە بازاڕەکاندا کاردەکەن مووچەخۆرن و لە دۆخێکی خراپدان.

دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە بارگرانی لە سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە و هاوڵاتیانیش هۆکاری ئەو دۆخەی رووبەڕووی بوونەتەوە، دەخەنە ئەستۆی پارتی و یەکێتی کە مووچە دابەش ناکەن و قۆرخکاری لە بازاڕدا دەکەن و خۆشیان زیاتر لە ٢١ ترلیۆن دینار قەرزداری مووچەی مووچەخۆرانن و نایگێڕنەوە.

لەوبارەیەشەوە، دوکاندارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی خراپی دۆخی هاوڵاتیان و بە تایبەت مووچەخۆرانەوە ژمارەی لاپەڕەی دەفتەری قەرزەکانیان بەردەوام لە زیادبووندایە.

باسیان لەوەش کرد، ئێستا بەشێک لەوانەی لە بازاڕەکاندا کار دەکەن مووچەخۆرن چونکە ئەگەر کاری دووەم نەکەن ئەوا ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

یەکێک لە دوکاندارەکان راگەیاند، پێشتر دەفتەری قەرزی دانەنابوو بەڵام ئێستا بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەوە ژمارەی دەفتەری قەرزەکانی گەشتوونەتە سێ دەفتەری پڕکراوە و رۆژ لە دوای رۆژیش لاپەڕەی قەرزەکانی پڕتردەبنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی ١٢ـداین و تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمیش تەنیا چاوى لە بەغدایە بۆ دابەشکردنى مووچە و ئامادە نییە لە داهاتى ناوخۆ مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات.

هاوکات، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیشیانەوە؛ ماوەی دوو مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەردەوامە و مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم جگە لە بێدەنگی هیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانیان و پەککەوتنی خوێندن لە بەشێکی هەرێم نییە.