قۆناغە مەترسیدارەکەی هەرێمی کوردستان

ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی دەڵێن کە هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە لە زەوتکردنی ئازادییەکان و دۆخەکە بەرەو سیستەمێکی تەواو ئەمنی هەنگاو دەبێت، ئەمەش وایکردووە کە هەرێم وەک ناوچەیەکی مەترسیدار لە ڕووی کاری ڕۆژنامەوانییەوە سەیر بکرێت.

لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بۆ ئازادکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان ناڕەزایەتی بەڕێوەچووە بەڵام لە دهۆک ڕێگری و ڕوبەڕونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە دژی خەڵکی ناڕازی بینرا.

بەیاننامەیەکی هاوبەش لە لایەن چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانەوە خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بەڵێنی چاکسازی و فراوانکردنی پانتاییەکانی ئازادی ڕادەربڕینی دا بەڵام بە پێچەوانەوە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی بیر و ڕا و ڕۆژنامەوانی و کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە پاشەکشە کردووە و ئەمەش قبووڵکراو نییە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سزادانەوەی شێروان شێروانی و ئازادنەکردنی گوهدار زێباری نوێترین زنجیرەی خەراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان.

ناڕازییەکان پەیامێکیان دایە دادگای پێداچوونەوە و دادگای هەولێر کە ئەم پێشێلکارییە ڕاست بکەنەوە تا بێمتمانەیی خەڵک بە دادگاکان قووڵتر نەبێتەوە.

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی دهۆک بە بێ ئەوەی گردبوونەوە و خۆپێشاندان ئەنجام بدەین، ڕێگەیان بە من و هاوڕێکانم نەدا تەنیا بەیاننامەیەک بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری بخوێنینەوە لە کاتێکدا کە لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە ئەو بەیاننامەیە خوێندرایەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاند کە ڕێگرییەکان وایکردووە کە دهۆک وەک مەترسیدارترین ناوچە بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە هەموو عێراق بناسرێت.