قۆناغی پێش ڕووخانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان

بە دەیان بەڵگە و هێمای ڕوون و حاشاهەڵنەگر لە سەر لاوازبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە کە ئەوە دەخاتەڕوو دەسەڵاتی کوردی بەرەو ڕووخان هەنگاو دەنێت.

لەم ڕۆژانەدا نیشانەکانی نزیکبوونی ڕووخانی دەسەڵاتی کوردی زیاتر دەردەکەون. زانای بەناوبانگ چۆن وەسفی قۆناغی ڕووخانی دەسەڵاتە گەندەڵەکان دەکات؟

ئیبن خەلدون گەورە کۆمەڵناسی عەرەب کە 1200 ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، وتەیەکی لەبیرنەکراوی هەیە کە دەڵێت سەرەتا دەسەڵاتداران کە دێنە سەر تەختی حکومڕانی، سەرەڕای ئەوەی کە باج و خەراج کەم وەردەگرن، بەڵام داهاتیان زۆرە، ئەوان کاتێک لە ڕووخان نزیک دەبنەوە باج و خەراجی زۆر دەسەپێنن بە سەر خەڵکدا کەچی هەر داهاتیان کەمە.

ئەم قسەی ئیبن خەلدون ئاماژەیە بۆ زۆربوونی گەندەڵی لە قۆناغی کۆتایی حکومەتەکان، بەو پێیەی کە گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو دەبێتەوە. هەرچی باج و خەراج کە بە سەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنن ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت، بەڵکوو بۆ گیرفانی بەرپرس و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەڕوات.

ئەمەش لە کۆتاییدا حکومڕانییەکە ئەوەندە لاواز دەکات تاکوو بە سەریەکدا دەڕووخێت.

ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بە هەمان ئەو شێوازەی کە ئیبن خەلدون باسی دەکات تێپەڕ دەبێت. بە جۆرێک کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داهێنان لە باج و خەراج و ڕسوومات دەکەن و بەمەش باری شانی هاووڵاتیان زیاتر دەبێت و پارەیەکی زیاتر لە خەڵک دەستێنن و زۆرینەشی لە ئێستادا لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی کەسانی باڵادەستی حیزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانە.

لە گرێبەستی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکانیش زیاتر لە سەدا 80 ی قازانج بۆ کۆمپانیاکانە کە هەموویان سەر بە دەسەڵاتدارانە و کەمی بۆ حکومەت دەڕوات. ئەم دۆخە وایکردووە کە خەڵک و حکومەت قەرزار و حیزب و بنەماڵەی دەسەڵاتداری خاوەنی ملیارەها دۆلار لە هەرێمی کوردستان درووست ببێت.

بەڵام ئەوەی ڕوو دەدات وەک ئیبن خەلدون پێشبینی کردووە، قۆناغی پێش ڕووخانی دەسەڵاتە.