قۆناغی نوێی لاوازبوونی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەسرور بارزانیدا هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا تووشی چەندین دۆڕانی گەورە بووە. لە ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆ تا پێدانی لیستی موچەی موچەخۆران بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەوە هەمووی لەم 4 ساڵەدا ڕووی داوە.

یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیشی کردووە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە، خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوە دەبات. کە واتە حکومەتی هەرێم هیچ ڕۆڵێکی لەم پرۆسەیەدا بە دەستەوە نەماوە.

دۆڕانێکی نوێی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە بەغدا دەیەوێت هێزی سەربازی بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

بە پێی زانیارییەکان، هەر دوو لێژنەی باڵای ئەمنی هەرێم و بەغدا لە ناوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەیان بە دوور لە چاوی میدیاکان کردووە کە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

کۆبوونەوەکان تایبەت بووە بە پاراستنی بنکەکانی دەنگدان لە لایەن هێزی عێراقەوە و حکومەتی ئەم وڵاتە پێداگری لە سەر ئەوە کردووە کە دەبێت پاراستنی بنکەکانی دەنگدانیش لە ئەستۆی ناوەند بێت، بە پێی ئەوەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات.

ئەمەش قۆناغێکی نوێی لاوازبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێمان دەڵێت کە خۆری حکومڕانی کوردی لە عێراقدا بەرەو ئاوابوون دەڕوات.