قومارکردن لە دهۆکی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا زیادی کردووە

ساڵی ڕابردوو تا ناوەڕاستی ئەمساڵ زیاتر لە 500 کەس لە سەر قومارکردن لە دهۆک دەستگیر کراون، بەشێک لە قومارچییەکانی پار، ئەمساڵیش خراونەتە زیندانەکان، لە بەر ئەوەی کە بەردەوام بوون لەو کارە کە سەرچاوەی تێکدانی شیرازەی هەندێک لە خێزانەکانی ئەو پارێزگایە بووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 84 سکاڵا لە بنکەکانی پۆلیس دژی قومارچی و قومارخانەکان تۆمار کراون و زیاتر لە 200 کەسیش بەو تۆمەتەوە دەستگیر بوون.

ساڵی ڕابردووش لە پارێزگای دهۆک لە سەر هەمان دۆسیە 181 سکاڵا تۆمار کرا و زیاتر لە 300 کەسیش بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیر کران.

لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەک تایبەت بە ڕێکخستن یان قەدەغەی شوێنەکانی قومار دەرنەکراوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2015 بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی دەرکردووە کە قوماریان تێدا دەکرێت.

دیاردەی قومار لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی مایەپووچ بوون و تێکدانی شیرازەی ژمارەیەک لە خێزانەکان.