قوباد تاڵەبانی کۆتایی بە شۆڕش ئیسماعیل هێنا

ئەگەرچی ماوەیەکی زۆرە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بە نافەرمی دوورخراوەتەوە و لە سەر ئەرکەکەی بەردەوام نەبووە، لەم ماوەیەدا و لە پاش هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە لە بەر ئەوەی کە گۆڕانکارییە وزارییەکان بۆ پارتی و یەکێتی سەر ناگرێت، بافڵ تاڵەبانی شۆڕش ئیسماعیل دەگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندە سەربازییەکەی ئەمریکا کۆتایی بەو دەنگۆیە هێنا.

لە لێدوانەکانی قوباد تاڵەبانیدا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە یەکێتی کۆتایی بە شۆڕش ئیسماعیل لە وەزارەتی پێشمەرگە هێناوە.

ناوبراو لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوایکرد کە وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنرێت.

قوباد تاڵەبانی جەختی لە سەر خێراکردنی پرۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە و وتی کە نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەری لە سەر ئەم پرسە دابنێت.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی کە دەبێت لە زووترین کاتدا وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت تا سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بکات.