قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە سەر وەزارەتی پێشمەرگە شەڕیانە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای دەسەڵاتەکانی وەزیری پێشمەرگەی کردووە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەوەی ڕەتکردووەتەوە.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە دەسەڵاتەکانی وەزیری پێشمەرگە بە یەکێتی نادرێتەوە. پارتی دەیەوێت ئەم دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگە وەک خۆی بمێنێتەوە و بریکار لە بری وەزیری پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی ئەو وەزارەتە بکات.
دوا بە دوای ئەم گرژییانەش مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە فەرمی داوای لە پارتی کردووە کە دەسەڵاتەکانی وەزیری پێشمەرگە بەم حیزبە بدرێتەوە.
لە پاش دوورخستنەوەی شۆڕش ئیسماعیل لە وەزارەتی پێشمەرگە لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، یەکێتی دەیەوێت کەسێکی دیکە وەک وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەستنیشان بکات بەڵام مەسرور بارزانی بە هەموو شێوازێک ڕێگریی لەوە کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە شەلەم شۆربا و کەس بە کەسەوە نییە و بەرپرسانی یەکێتی و پارتی هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەماوە و بە واتایەکی دیکە دوو ئیدارەیی بە فەرمی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستیپێکردووەتەوە.