قوباد تاڵەبانی دیسانەوە بەڵێنی ڕێکخستنەوەی یەکێتی دەدات

قوباد تاڵەبانی بۆ سێهەم جار و لە سێ بۆنەی جیاوازدا بەڵێنی ڕێکخستنەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دایەوە.

ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 ی عێراق و لە دیداری یەکێتیدا بەڵێنی ئەوەیدا حیزبەکەی خۆی ڕێکدەخاتەوە و بە سەر کێشە و گرفتە ناوخۆییەکاندا زاڵ دەبێت.

تاڵەبانی ئێستا و لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی ڕووداوە ناوخۆییەکانی ساڵی 2021 ی حیزبەکەی، دیسانەوە بەڵێنی دایەوە کە یەکێتی هەڵدەستێتەوە.

قوباد تاڵەبانی وتی کە گۆڕانکاری دەکەین لە شێوازی کارکردن بە جۆرێک کە لە گەڵ ئەم دۆخەی ئێستا گونجاو بێت و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەکە.

وتیشی کە یەکێتی داڕێژەری فیدراڵییە لە عێراق و پارێزەری قەوارەی هەرێم و دەسکەوتەکانیەتی، ئەمەش تاکە ڕێگایە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال لە کاتێکدا بەڵێنەکەی دووبارە کردووەتەوە کە بەڵێنەکانی پێشووی شکستیان هێناوە و یەکێتی لە ئاستی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی لە گەڵ پارتی و چارەسەرکردنی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی شکستی هێناوە.